100 دۆلار بۆ سەرووی 151 هەزار دینار بەرزبووەوە

26-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لەکاتی داخستنی بازاڕدا دابەزی و 100 دۆلار گەیشتەوە سەرووی 151 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 26.2.2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 150 هەزار و 800 دینار بووە.
 
وەک حاجی سابیر دەڵێت، لەکاتی داخستندا نرخی دینار دابەزی؛ 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار و 350 دینار.
 
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر، هۆکاری دابەزینی نرخی دینار ئەوەیە کە خواست لەسەر دۆلار هەیە، چونکە خەڵکێکی زۆر کاری کڕین و فرۆشتنی دۆلار دەکەن و ئەو نرخەی ئێستایان بە گونجاو زانیوە.
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش دۆخەکە هاوشێوە بوو؛ 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەدا بە 151 هەزار بوو، لەکاتی داخستنیشدا بە 151 هەزار و 400 دینار بووە. 
 
دابەزینی نرخی دینار ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، دوێنێ نرخی 100 دۆلار بۆ خوار 151 هەزار دینار دابەزیبوو.
 
رۆژی چوارشەممە، 21.2.2024، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئامادەن بۆ یەکەمجار لە مێژووی پەیوەندییەکانیان، بە دراوی یوانی چینی یان یۆرۆ، مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چین بکەن.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەگەر چین و ئەمریکا لارییان نەبێت لە مامەڵەی بازرگانیی عێراق و چین بە دراوی دیکەی جگە لە دۆلار، ئەو هەنگاوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخی دینار دەبێت.
 
وەک جەبار گۆران دەڵێت، لە ئەگەری رێککەوتنێکی لەو شێوەیە، خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕە نێوخۆییەکان بە رێژەی 15٪ بۆ 20٪ کەمدەبێتەوە.
 
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 22.2.2024، عەلى عەللاق، پارێزگاری بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند: "بۆ گەرەنتیکردنى گەیشتنى دۆلار بەدەستى گەشتیارى راستەقینە، سەرقاڵى پەرەپێدانى رێکارێکن بۆ رادەستکردنى دۆلار بە گەشتیاران لە  فڕۆکەخانەکانى عێراق، کە داواکاریی وەرگرتنى دۆلار لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیەوە پێشکشکێش دەکەن و دۆلارە نەختینەکە لەنێو فڕۆکەخانەکان وەردەگرن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە