رووداو دیجیتاڵ
بۆ رێگری لە هاوردەکردنی زێڕی بێ کواڵێتی، حکومەتى عێراق بڕیاریداوە ئامێرى پشکنینى زێڕ لە چوار فڕۆکەخانە دابنێت.
عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ناوەندى پشکنین لە فڕۆکەخانەکان دەکرێتەوە، ئەمەش بۆ رێگرییە لە هاوردەکردنى ئەو زێڕەى کواڵێتییەکەى خراپە، بەرلەوەى بچێتە بازاڕەکانەوە.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق گوتى "ئەو ئامێرانە لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، کەرکووک، بەسرە و نەجەف دادەنرێن."
ئێستا دەزگاى کواڵێتى کۆنترۆڵ پشکنین بۆ زێڕى هاوردەکراو دەکات بەرلەوەی زێڕەکە ببرێتە بازاڕ و مامەڵەى پێوە بکرێت.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 21ـی تشرینى دووەمى 2023، رێنمایی نوێى بۆ هاوردەکردنى زێڕ و زیو دەرکرد، کە دەبێت کۆمپانیاى هاوردەکار بە فەرمى تۆمارکرابێت و ئەو زێڕەى هاوردە دەکرێت لە رێگەى گواستنەوەى ئاسمانی بێت.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق گوتی "تیمى تایبەتى سەر بە کوالێتى کۆنترۆڵ بەدواداچوون بۆ کارى زێڕنگران و ئەو زێڕە دەکات کە لە بازاڕدا مامەڵەیان پێوەدەکرێت و مۆڵەتى کارکردنى زێڕنگرەکانیش لەلایەن دەزگاى کوالێتیی کۆنترۆڵەوە دەدرێت."
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان مانگانە 7.5 تۆن زێڕ هاوردەی عێراق دەکرێت، گومرگى یەک کیلۆ زێڕیش بەگوێرەى جۆرەکەى لەنێوان 100 بۆ 250 هەزار دینارە، هەروەها 50 هەزار دیناریش بۆ پشکنینى لەلایەن کواڵێتى کۆنترۆڵەوە وەردەگیرێت.
عەبدولزەهرە هنداوى دەڵێت "هەر زێڕنگرێک سەرپێچی بکات، رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگیرێتەبەر لەوانە داخستنى شوێنکارەکەى و کشاندنەوەى مۆڵەتەکەى، هەروەها دەست بەسەر ئەو زێڕەشدا دەگیرێت کە کواڵێتییەکەى خراپە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ