نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان دابەزی

دوێنێ کاژێر 12:58
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو رۆژ لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی، ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک تەماتە لە هەولێر و سلێمانی نزیکەی 500 دینار دابەزی. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، هۆکاری دابەزینەکە، زۆربوونی تەماتەیە لە عەلوە.
 
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک تەماتەی باشی ئێرانی 750 دینارە".
 
دوێنێ لە عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی، نرخی کیلۆیەک تەماتە کە زۆرینەی ئێرانییە، گەیشتە هەزار و 250 دینار.
 
هەر ئەمڕۆ، سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لێرەش نرخی تەماتە دابەزیوە و کیلۆی تەماتەی ئێرانی بە 850 دینارە".
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە، رەجەب حاجی عەزیز گوتی، "شەوی رابردوو بڕێکی زۆر تەماتە هاوردەکراوە و بووەتە هۆی دابەزینی نرخ".
 
هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی لەکاتێکدایە، لەسەر داوای جووتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە 26-01-2025ـەوە هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە کراوە.
 
دوێنێ، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوتبوو "خواست لەسەر تەماتە زیادیکردووە و تەماتە کەمە، پێویستە گۆڕانکاری لە بڕ و ناردنی لە عێراق بکرێت و کێشەکە کاتییە، لێکۆڵینەوە دەکەین و چارەسەر دەکرێت." 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە