رووداو دیجیتاڵ
کێشەى نەبوونى پارەى نەختینە، هۆکارى دواکەوتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە لەلایەن بەغداوە، کە چاوەڕێى دابەشکردنى مووچەى خانەنشینان و تەواوى فەرمانبەرانى حکومەتى فیدراڵە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، نەناردنى پارەى مووچەى مانگى ئادارى هەرێمى کوردستان، پەیوەندیدارە بە نەبوونى نەختینەى پێویستی وەزارەتى دارایی فیدراڵ.
ئەو کێشەیەی نەختینە، وایکردووە مووچەى هەندێک دامەزراوە نزیکەى هەفتەیەک دوابکەوێت، تاوەکو ئێستاش خانەنشینانى عێراق مووچەى مانگى ئاداریان وەرنەگرتووە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو کێشەیە بەهۆى ئەوەیە؛ بانکى ناوەندى نەیتوانیوە پارەی پێویست بۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵ تەرخان بکات بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى ئادار.
عێراق، مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى بە هەرێمى کوردستانیشەوە، کە پشکى لە مووچە مانگانە دەگاتە نزیکەى یەک تریلیۆن دینار.
سەرچاوەکەى رووداو لە بەغدا گوتى، "ناردنى مووچەى هەرێمى کوردستان، دەکەوێتە دواى دابەشکردنى مووچەى خانەنشینان کە ئێستا بووەتە کارى لەپێشینەى وەزارەتى دارایی، ئەگەر کێشەى نەختینە لەلایەن بانکى ناوەندى بەر لە جەژن چارەسەرنەکرێت، ناردنى پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان، دەکەوێتە دواى جەژنى رەمەزان."
سەرچاوەى سەرەکیی دینارى عێراقى فرۆشتنى دۆلارە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە، کە مانگانە نزیکەى 5.5 ملیار دۆلار بە نرخى فەرمى بۆ گەشتیاران و حەواڵەى بازرگانى دەرەکى دەفرۆشێت و، بەگوێرەى نرخى فەرمى بەهاکەى نزیکەى 7.1 تریلیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ