بڕیارێکی ترەمپ لەبارەی نەوتی ڤەنزوێلا نرخی نەوتی بەرزکردەوە

25-03-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت، بەهۆی بڕیارێکی ترەمپ لەبارەی نەوتی ڤەنزوێلا ئەمڕۆ توانی ئاراستەی بەرزبوونەوەی رۆژی رابردووی خۆی بپارێزێت.
 
سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئەو وڵاتانەی نەوتی ڤەنزوێلا دەکڕن، پاڵپشتیی بۆ نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە دروستکرد.
 
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-3-2025) یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور چەند سەنتێکی دیکە بەرزبووەوە و 73 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمە لەکاتێکدا دوێنێ زیاتر لە دۆلارێک بەرزببووەوە.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 69 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، کە دوێنێ یەک دۆلار و 20 سەنت بەرزبووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بەڕێژەی 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت کە نەوتی ڤەنزوێلا دەکڕن.
 
سیوشی ئۆیانۆ، ئابووریناسی سەر بە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی (ئێن ئێڵ ئای) لە تۆکیۆ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە پێناسە گومرگییەکان ئابووریی جیهان سست دەکەن و بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروست دەکەن، بەڵام بڕیاری ترەمپ بۆ سزادانی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە."
 
ئیدارەی ئەمریکا هەروەها داوای لە کۆمپانیای چێڤرۆن، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا کردووە؛ تاوەکو 27ـی مانگی پێنجی ئەمساڵ، کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن لە ڤەنزوێلا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە