رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە.
یەک ئۆنسە زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستی بازرگانان و وەبەرهێنەران، ئەمڕۆ بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و ئاستی 5180 دۆلاری دەربازکرد.
رۆژی رابردوو نرخی زێڕ بە رێژەی 1% پاشەکشەی کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ کڕینی زێڕ وەکو پەناگەیەکی ئارام دووبارە نرخەکەی بەرزکردەوە.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم)، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "کرانەوەی بازاڕەکانی چین لەدوای پشووی سەری ساڵ و ناڕوونییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی ئەمریکا، خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە."
ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، بەنیازن رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ کۆکردنەوەی پێناسی گومرکی بە رێژەی 15%، دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا پێناسە گومرکییەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە.
هەروەها دوو بەرپرسی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە ماوەی کورتخایەندا هیچ نیازێکیان نییە کە سیاسەتی ئێستای نەختی بانکەکە بگۆڕن.
کایل رۆدا دەڵێت، نرخی زێڕ شوێنی هەیە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتر، بەتایبەتی ئەگەر سیاسەتی بازرگانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت.




