رووداو دیجیتاڵ
عێراق لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی 2026ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دەستپێدەکات. سێ سەرچاوە بە رووداویان راگەیاند، کە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەماوەی 10 رۆژدا دابەش دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆەوە دەستیان بە پارەدارکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران کردووە.
سێ سەرچاوەی باڵا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق، بە شکۆ عومەر، بەڕێوەبەری نووسنگەی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت و هیچ کێشەیەکی پارەی کاش نییە.
لە عێراق نزیکەی 11 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر هەن، پێشتر مانگانە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە لە 18ی مانگ دەستیپێدەکرد، بەڵام چەند مانگێکە بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و داخستنی تەنگەی هورمز، کە نزیکەی 90%ی داهاتی عێراق لە نەوت سەرچاوەی گرتووە، دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت.



