رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار دابەزی و بە 4090 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕەکان، ئۆنسەیەک زێڕ بە 4213 دۆلار بوو.
بەو پێیە، زێڕ نزیکە لەوەی بۆ یەکەمجار دوای 9 هەفتە، لەسەر ئاستی هەفتانە دابەزین تۆمار بکات.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دوایین نرخ کە دوێنێ پێنجشەممە سەندیکای زێڕنگران بڵاویکردووەتەوە، نرخی فرۆشتن بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 890 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 850 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 728 هەزار دینارە.
ئەمە نرخی دوێنێ بەیانییە کاتێک ئۆنسەیەک زێڕ بە 4115 دۆلار بوو، بەڵام ئەگەر نرخی ئۆنسەی زێڕ لەم ئاستەی ئێستا بمێنێتەوە و ئەمڕۆ یان سبەی نرخی نوێ بڵاوبکرێنەوە، دەکرێت مسقاڵێک زێڕ 5 بۆ 10 هەزار دینار دابەزێت.
وەرگرتنی قازانج لە لایەن بازرگان و وەبەرهێنەرانەوە بەهۆی بەرزبوونەوەکانی ئەمدواییانە و، ئاماژەکانی هێوربوونەوەی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، هۆکاری سەرەکین بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە پشتڕاستی کردەوە کە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆریای باشوور لەگەڵ شی جین پین، سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی "کەی سی ئێم ترەید" دەڵێت، "کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکانی ئەمریکا و چین دەرفەتێکی شایستەیە بۆ هێورکردنەوەی گرژییە بازرگانییەکان، کە ئەمەش دەبێتە پاڵپشتی بۆ دۆلار و خواست لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام کەمدەکاتەوە".
بڕیارە ئەمڕۆش کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر، ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو بڵاوبکرێتەوە. ئامارەکە دەکرێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێت. ئامارەکە بەهۆی داخرانی حکومەتی ئەمریکاوە دوخرا، بەڵام بەهۆی گرنگییەکەیەوە، بڕیاردرا بڵاوبکرێتەوە، لەکاتێکدا بڵاوکردنەوەی زۆرینەی ئامارە ئابوورییەکانی دیکە راگیراون.
لە مانگی ئاب رێژەکە 2.9٪ بووە. ئەگەر سبەی لەو رێژەیە کەمتر بێت، دەکرێت نرخی زێڕ بەرزبکاتەوە. ئەگەر زیاتریش بێت دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی.
کۆتایی ئەم مانگەش بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەبارەی رێژەی سوودەوە دەدات؛ پێشبینی دەکرێت بۆ جاری دووەم لە ئەم ساڵدا رێژەکە 0.25٪ کەمبکاتەوە.
سەرەڕای دابەزینی بەرچاوی زێڕ لەم هەفتەیەدا، شرۆڤەکاران دەڵێن، پێشبینییەکان لە مەودای درێژخایەندا بۆ زێڕ هێشتا ئەوەن کە بەرزدەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی کەمکردنەوەی رێژەی سوود و بەردەوامیی ناسەقامگیریی جیۆسیاسییەوە".
![چەند ]پارچە زێڕێک بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fs3%2Frudaw.net%2FContentFiles%2F907151Image1.jpg&w=3840&q=75)


