سبەی مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا دابەش دەکرێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی، سبەی مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگی ئایار دابەش دەکرێت."     
 
وەزارەتەکە دەڵێ "وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ هیچ تەمویلێکی بۆ مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان نەناردووە و هەردوو مانگەکە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە."   
           
گوتیشی؛ وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە، بۆ ئەو مەبەستە لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.   
 
ناوەڕاستی ئەم مانگە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکرد و، "هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکات و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیەدا نەبووە." 
 
لیژنەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و وردبینی لە لیستی ناو و مووچەدا، چەند تێبینییەکی داوەتە هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لیژنەکە رایگەیاندووە "کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەکرێت."
 
دەبەشکردنی مووچەی وەزارەتی کارەبا دوای ئەوە دێت؛ رۆژی چوارشەممە 10-7-2024 بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و، رۆژی پێنجشەممە 11-7-2024 بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی هات. 
 
ئەوکاتەش وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو "وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە خشتەکەدا نییە، لەبەرئەوەی تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە