سندووقی نێودەوڵەتیی دراو نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار دەداتە ئۆکراینا

23-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سندووقی نێودەوڵەتی دراو نزیکەی 900 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو هاوکاریی لە شەڕی دژی رووسیا دەداتە ئۆکراینا و تەنیا ماوە پارەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانەوە پەسندبکرێت.
 
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو درەنگی شەوی پێنجشەممە رایگەیاند، 880 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری دارایی دەداتە ئۆکراینا.
 
هاوکارییە داراییەکەی سندووقەکە سێیەمین گوژمەی ئەو پاکێجی هاوکارییەیە کە سندووقەکە ساڵی رابردوو پەسندی کرد لە چوارچێوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئۆکراینا لە شەڕی دژی رووسیا.
 
بۆ ئەوەی هاوکارییەکە رادەستی ئۆکراینا بکرێت، دەبێت بڕی هاوکارییەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراوەوە پەسند بکرێت.
 
گاڤین گرەی، نێردراوی سندووقی دراو بۆ ئۆکراینا کە بەمدواییانە لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرایناش کۆبووەتەوە دەڵێت: "سەرەڕای ئاستەنگییەکان بەهۆی جەنگەوە، بەڵام هاوکارییەکان لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکان لە ئاستێکی باشدایە".
 
گرەی کە سەرکردایەتیی تیمێکی سندووقی دراو دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی شەڕ لە ئۆکراینا، سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا پێویستی بە 486 ملیار دۆلارە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە