رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 31 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتەوە 2 هەزار و 700 دۆلار. مسقاڵێک زێڕی عەیار 21ـیش گەیشتەوە 580 هەزار دینار.
فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ زێڕ زیادکردووە، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
لە بەرەبەیانیی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە کاتێک بازاڕەکان کرانەوە، واتە لە 5 رۆژی رابردوودا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 150 دۆلار بەرزبووەتەوە.
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ دا، ئۆنسەیەک زێڕ بە 2,563 دۆلار بوو. هۆکاری دابەزینەکەشی ئەگەری راگرتنی شەڕەکان بوو لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
بەپێی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان، ئێستا نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 663 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 607 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 580 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 497 هەزار دینارە
ئەم نرخەی ئەمڕۆش، بەرزترینە لە دوو هەفتەی رابردوودا.
ئۆکراینا رۆژی چوارشەممە زنجیرەیەک مووشەکی کرووزی بەریتانی (بریتیش ستۆرم شادۆ)ـی بەکارهێنا و هێرشی کردە سەر خاکی رووسیا. ئەو جۆرە مووشەکانە، نوێترین چەکی رۆژئاواییە لەدوای مووشەکە دوورمەوداکانی ئەمریکا کە سەرەتای هەفتە بەکاری هێنا.
رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە ئەگەر هاتوو هێرشێکی تووند و بەرفراوانی ئاسمانی بکرێتە سەری.
بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان هاوکات لەگەڵ نادڵنیاییە ئابوورییەکان و ئەگەرەکانی دابەزاندنی زیاتری رێژەی سوودی بانکی، بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕەوە، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕیش لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە دوێنێ، 10 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
تەنیا لە دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان 30 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
لە دوای 5ـی ئەم مانگەوە بەهۆی سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 40 هەزار دینار دابەزیبوو؛ هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 550 هەزار دینار دابەزیبوو کە نزمترین ئاستی بوو لە مانگێک و نیوی رابردوودا.
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار، نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ، وەک ئێستا هەیە، دەبێت نرخی ئۆنسە بەرزبێتەوە و دیناریش بەرامبەر دۆلار دابەزێت. بۆ دابەزینیشی دەبێت نرخی ئۆنسەی زێڕ دابەزێت و دیناریش بەرزببێتەوە.
لە 4ـی مانگی تەممووزەوە نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 نەهاتووەتە خوار 500 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ