رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە دابەزی و هەندێ لە قازانجەکانی رۆژی دووشەممەی خۆی لەدەستدا، کە بەرێژەی 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوەش بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوت لە ئەمڕۆ هەژماردەکرێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 26 سەنت دابەزی و بەرملێک بە 74 دۆلار و 3 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی دووشەممە بەرێژەی 2٪ بەرزبووەوە و بەو پێیەش هەندێ لە زیانە 7٪ ییەکەی هەفتەی رابردوویان قەرەبوو کردەوە.
ساتۆرۆ یوشیدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی راکوتن سیکیۆریتی لەو بارەیەوە رایگەیاند: "نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا هەستیار بووە بە هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە بازرگانان چاوەڕێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکەن بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ئاماژەیەک دەرکەوێت کە خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات.
لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، خواستی چین بۆ بەکارهێنان تاوەکو ساڵی 2025 بە لاوازی دەمێنێتەوە.



