سیتی بانک: نرخی زێڕ دەگاتە 3000 دۆلار

22-10-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ بە 2731 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بانکە گەورەکانی ئەمریکاش پێشبینی دەکەن نرخەکە هێشتا بەرزتر بێت.
 
دوینێ (دووشەممە، 21-10-2024) نرخی یەک ئۆنسە زێڕ تاوەکو 2740 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام لە درێژایی مامەڵەکاندا لە دوای نیوەڕۆ، هەندێ لە قازانجەکانی لەدەستدا و بۆ نزیکەی 2720 دۆلار دابەزی، ئەمڕۆش دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتووەتەبەر.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نوێترین پێشبینیی بانکە گەورەکانی ئەمریکا بۆ نرخی کانزای زەرد.
 
سیتی بانکی ئەمریکا، یەكێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهان، پێشبینیی کردووە؛ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە ماوەی 3 مانگی داهاتوودا بۆ 2800 دۆلار بەرزببێتەوە، هەروەها لە ماوەی 6 تاوەکو 12 مانگدا بگاتە 3000 دۆلار.
 
بانکەکە رایگەیاندووە ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی، هەروەها رەوشی بازاڕەکانی ئەمریکا بەرەو خراپی بڕوات و خواستی وڵاتە گەورەکان بۆ کڕینی زێڕ بەتایبەتی لە چین بەرزبێتەوە، ئەوا پێشبینییەکانی بانکەکە دێنەدی.
 
سیتی بانک دەڵێت شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێک لەو هۆکارانە بووە، کە نرخی زێڕی بەرزکردووەتەوە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە