رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، رووبەری 4000 مەتر چوارگۆشەیان لەو مین و تەقەمەنییانە پاککردووەتەوە، کە دەکەونە سەر رێڕەوی بۆرییەکانی نەوت یان نزیکیان. دەشڵێت، 400 بۆ 450 کیلۆمەتر لە عێراق ماوە لە مین پاکبکرێتەوە.
مستەفا حەمید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کارووباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم ئەو پڕۆژانەی بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتەکانی نەوت و پیشەسازیی هەمانبوون کۆتاییان پێهات، کە بریتی بوون لە پاککردنەوەی رێڕەوی بۆرییەکانی نەوت، بۆ ئەو دوو وەزارەتە رووبەری چوار هەزار مەتر چوارگۆشەمان پاککردەوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە کۆی 2060 کیلۆمەتر چوار گۆشەی رووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی، "تەنیا 400 بۆ 450 کیلۆمەتریان ماوە پاکی بکەنەوە."
لیژنەی فەرمانی وەزاریی ژمارە 223 کە نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری و نەوت و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین و کۆمپانیاکانی نەوت لەخۆدەگرێت بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ماوەی جارێک کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کێلگانەی مین کە دێنە بەردەم بۆریی نەوت و چارەسەری گونجاوی بۆ دادەنێن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارووباری مین ئاماژە بۆ پڕۆژەی پترۆکیمایی لە بەسرا، نەفتخانە لە دیالە دەکات، وەکو دوو ناوچە کە ئەوان پاکیان کردوونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانی بۆ بودجە دروست بکات. دەشڵێت، "بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنییەوە زۆر جار کێشە بۆ پرۆسەکانی بەدواداگەڕان و دانانی بۆرییەکانی نەوت دروستبووە، بەڵام لابردنی مینەکان ئەو پرۆسەیە خێراتر دەکات."
عێراق کە ئێستا رۆژانە چوار ملیۆن نەوت بەرهەم دێنێت، دەیەوێت لە رێگەی چاککردنی بیر و کێڵگەکان و هەڵکەندنی بیر و بەرهەمهێنان لەبیری نوێ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەرزبکاتەوە و پاڵاوتگەی نوێش دروستبکات، بەتایبەت پلانی دروستکردنی 7 پاڵاوگە بە بڕی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها دەیەوێت لەماوەی ساڵانی داهاتوودا 40%ی هەناردەی نەوتی بۆ بەرهەمەکانی نەوت بگۆڕێت و خودبژێوی لەوبوارەدا دەستەبەر بکات و دەست بە هەناردەیان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ