کارگەکانی ئالیک لە کوردستان ساڵانە بایی 500 ملیۆن دۆلار ئالیکی پەلەوەر هەناردەی عێراق دەکەن

22-02-2021
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ئالیکی پەلەوەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی ئەو بازاڕە گەرمەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیانە، ساڵ بە ساڵ ژمارەی کارگەکانی ئالیکی پەلەوەر و ماسی زیاتر دەبن، ئەو کارگانە جگە لە دابینکردنی ئالیکی پەلەوەرخانەکانی ناوخۆ، ساڵانە بە سەتان تۆن ئالیک هەناردەی شارەکانی عێراق دەکەن.
 
به‌پێی ئاماری بەڕێوەبەرایه‌تیی گشتیی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێتێرنه‌ری، ئێستا 38 كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئالیكی په‌له‌وه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن. کۆی و‌زه‌ی به‌رهه‌مهێنانیان له ‌یه‌ك كاژێردا ده‌گاته‌ 610 تۆن ئالیك. ئەو کارگانە لە ساڵێکدا زیاتر 1.5 ملیۆن تۆن ئالیک بەرهەمدەهێنن، کە نزیکەی نیوەی هەناردەی شارەکانی عێراق دەکەن.
 
سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدوڵڵا، نوێنه‌ری كارگه‌كانی ئالیک له‌ لێژنه‌ی باڵای پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌ر له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ده‌ڵێت: به‌هۆی ناجێگیری نرخی به‌رهه‌مه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان گرفتی گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان له‌لایه‌ن خاوه‌ن كێڵگه‌كانه‌وه‌، كارگه‌كانی ئالیك رۆژانه‌ به‌تێكرا 8 كاژێر كارده‌كه‌ن و له‌هه‌ر رۆژێكدا به‌پێی خواستی بازاڕ نزیكەی 5000 تاوه‌كو 5500 تۆن ئالیک به‌رهه‌م ده‌هێنن.
 
بە گوتەی سەرهەنگ ‌50٪ تاوه‌كو 55٪ی  به‌رهه‌می کارگەکانی ئالیک له ‌ناوخۆدا ساخدەکرێتەوە و ئه‌وه‌ی دیكەش‌ هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌كرێت "واته‌ ساڵانە 700 تاوەکو 800 هه‌زار تۆن ئالیک له ‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی شاره‌كانی ده‌كرێت، كه ‌نرخه‌كه‌ی ده‌كاته‌ نزیكه‌ی نیو ملیار دۆلار".
 
به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، 19 كارگه‌‌ به‌ وزەی 320 تۆن له‌ كاژێرێكدا له‌ هه‌ولێر کار دەکەن، 6 كارگه‌ به ‌وزه‌ی 77 تۆن له ‌كاژێرێكدا له‌ دهۆك، 9 كارگه‌ به ‌وزه‌ی 140 تۆن له‌ كاژێرێكدا له‌ سلێمانی، 4 كارگه به ‌وزه‌ی 73 تۆن له‌ كاژێرێكدا‌ له ‌گه‌رمیان کار دەکەن.
 
له‌ هه‌رێمی كورستان 1,626 پەلەوەرخانەی مۆڵه‌تدراو و  500  په‌له‌وەرخانەی بێ مۆڵه‌ت هەن،  هەروەها 12 پرۆژه‌ی مریشكی هێلكه‌ی خواردن و 18 پرۆژه‌ی جوجه‌ڵه‌ی دایكانه‌ و پرۆژه‌یه‌كی نه‌ژادی په‌له‌وه‌ر هه‌ن. 
 
سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان ده‌ڵێت: "ئەگەر كارگه‌كانی ئالیك‌ به‌ و‌زەی ته‌واو كاربكه‌ن، ساڵانه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی نزیکەی 3.5 ملیۆن تۆن ئالیكیان هه‌یه‌، ئه‌م بڕه‌ش نزیكه‌ی چوار به‌رامبه‌ری پێداویستی ناو‌خۆیه، كه ‌ئێستا ‌750 تاوه‌كو 800 هه‌زار تۆن ئالیكە".‌
 
پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی ئالیك بریتییە له ‌سۆیا، زه‌یتی سۆیا، گه‌نمه‌شامی، گه‌نم، ئارد، پریمێكس و هه‌ندێك پێكهاته‌ی دیكه‌. كارگه‌كان به ‌زیادكردن و كه‌مكردنی ئه‌م پێكهاتانه‌ سێ جۆر ئالیك بۆ ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كانی په‌له‌وه‌ر دروست ده‌كه‌ن، دوو جۆر ئالیكیش بۆ ماسی به‌رهه‌مدێنن.
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر زیاتر خواست له‌سه‌ر ‌ئالیكی نمره‌ یه‌ك و دووه، تۆنێك ئالیك به‌ گوێره‌ی جۆره‌كه‌ی پێویستی به نزیكه‌ی ‌310 تاوه‌كو 330 كیلۆ سۆیا، 450 تاوه‌كو 480 كیلۆ گه‌نمه‌شامی، 30 بۆ 35 لیتر زه‌یت، 25 كیلۆ پریمێكس، 100 تاوه‌كو 150 کیلۆ گه‌نم، 5 كیلۆ كلس و 8 كیلۆ مۆنۆكالسیۆم، خوێ، كۆكسیدیا و تۆكسین هه‌یه‌.
 
بە گوتەی سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان، 100٪ی پێکهاتەکانی وەک سۆیا، زه‌یت و پریمێكس و پێكهاته‌كانی دیكه‌ و 85٪ی گەنمەشامییەکە هاوردەیە. ته‌نیا گه‌نم و خوێ له ‌ناوخۆ دابین ده‌كرێت، ئه‌و پێكهاتانه‌ش به ‌بڕی كه‌م بۆ ئالیك به‌كاردێن، نرخی زۆربه‌ی پێكهاته‌كانیش په‌یوه‌سته‌ به ‌بۆرسه‌ی جیهانی، ئەمەش كاریگه‌ری راسته‌خۆی له‌سه‌ر نرخی ئالیك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
 
كێبڕكێیه‌كی تووند له ‌نێوان كارگه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر نرخ و كواڵێتیی ئالیك دروستكردووه‌، ئێستا نرخی تۆنێك ئالیك به‌ گوێره‌ی جۆر و كواڵێتییەکەی له‌ نێوان 439 تاوه‌كو 520 دۆلاردایه‌.
 
سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان، كه‌ خۆیشی خاوه‌ن كارگه‌یه‌، ده‌ڵێت: "تێچووی تۆنێك ئالیکی باش 455 دۆلارە، كارگه‌كان 10 تاوه‌كو 20 دۆلار قازانجی ده‌خه‌نه‌سه‌ر، به‌ڵام هه‌ندێ له‌ كارگه‌كان گۆڕانكاری له‌ پێكهاته‌كانی ئالیکەکە ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به ‌نرخی هه‌رزانتر ده‌یفرۆشن".
 
كارگه‌ی ئالیكی باراش لە هەولێر 13 ساڵه‌ دامەزراوە‌، ‌وزەی کارگەکە ‌40 تۆنە له ‌كاژێرێكدا، رۆژانه‌ 8 كاژێر كارده‌كات، 95%ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی به ‌پەلەوەرخانەکانی هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌كات. 
 
رابه‌ر بارزان، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی و فرۆشتنی كارگه‌ی ئالیكی باراش، ده‌ڵێت: "پێكهاته‌ سه‌ره‌كییەکانی ئالیك کە بریتین لە سۆیا، زه‌یت و گه‌نمه‌شامی نرخیان به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی ئالیک هەبووە و گرانی کردووە".
 
له‌نێو ئه‌و ئالیكانه‌ی كه ‌له‌بازاڕ هه‌ن، نرخی ئالیكی كارگه‌ی باراش به‌رزترینه‌. رابه‌ر بارزان، ده‌ڵێت: "ئێمە ده‌ستكاری كواڵێتی ئالیكه‌كه‌‌مان ناكه‌ین، تاقیگه‌ی تایبه‌تمان هه‌یه‌ به‌پێی ستاندارد ئالیك به‌رهه‌م ده‌هێنین، به‌رهه‌مه‌كه‌شمان له‌ رێگه‌ی بریكارەکانەوە ده‌فرۆشین، بۆیه‌ نرخه‌كانمان له‌گه‌ڵ بازاڕ جیاوازە‌".
 
كارگه‌ی باراش یه‌كێكه‌ له‌و كارگانه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بۆ به‌شێك لە پێداویستییه‌كانی پشت به ‌به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌به‌ستێت، بۆ نموونه‌ ساڵی رابردوو 26 هه‌زار تۆن گه‌نمه‌شامی و 25 هه‌زار تۆن گه‌نم و ئاردی له ‌بازاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كڕیوه‌ته‌وه‌.
 
به‌شێك له‌كارگه‌كان ‌ترسیان لە نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان به ‌قه‌رزی 90 رۆژ به‌ بریكاره‌كان ده‌فرۆشن، ئه‌وانیش به ‌قه‌رزی 60 رۆژ به ‌خاوه‌ن پەلەوەرخانەکانی دەفرۆشن، له ‌فرۆشتنی هه‌ر تۆنێك به ‌قه‌رز 40 تاوه‌كو 50 دۆلار قازانج ده‌خه‌نه‌  سەر نرخی فرۆشتنی تۆنێك ئالیك.
 
ئه‌ندازیار میقداد عه‌لی، خاوه‌نی په‌له‌وه‌رخانەیە، ‌ده‌ڵێت: "زۆربەی پەلەوەرخانەکان به‌هۆی دابه‌زینی نرخی مریشك له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا زیانی زۆریان كردووه‌ و توانای دانانی مریشكیان نه‌ماوه‌ به ‌پاره‌ی خۆیان، بۆیه‌ ئالیك، جوجه‌ڵه‌ و ده‌رمان به ‌قه‌رز ده‌هێنن، كاتێك مریشك پاره‌ ناكات تووشی زه‌ره‌ری زۆر ده‌بن و ناتوانن پارەکە‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، بۆیه‌ كارگه‌كان ئالیكیان پێناده‌ن‌ ئه‌وانیش ناچارن به ‌نرخی زیاتر ئالیك له ‌بریكاره‌كان بكڕنه‌وه‌".
 
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سامانی ئاژه‌ڵ، له‌ ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا 13 كارگه‌ی ئالیك له‌ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراون: (5 له‌ هه‌ولێر، 4 له ‌دهۆك و 4 له‌ سلێمانی)  بەو هۆیەوە وزه‌ی كارگه‌كان له ‌405 تۆنه‌وه‌ بۆ 610 تۆن له ‌كاژێرێكدا زیادبووە.
 
فیراس سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ده‌ڵێت: "ئه‌و زیادبوونه‌ خێرایه‌ی كارگه‌كانی ئالیك له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌شێكی بۆ قه‌یرانی دارایی و وه‌ستانی كار له ‌سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خه‌ڵێكی زۆر روویان له ‌پرۆژه‌كانی پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌ر كردووه‌، هه‌روه‌ها خواست له‌ ناو‌خۆ و ‌شاره‌كانی عێراق  و قه‌ده‌خه‌كردنی هاوردەکردنی ئالیك و ئاسانكاری ئێمه‌ بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م پرۆژانه،‌ هۆكاری ئه‌و زیادبوونه‌ن".
ئه‌م كارگانە جگه ‌له‌وه‌ی توانیویانه‌ پێداویستی ناو‌خۆ دابین بكه‌ن ده‌رفه‌تی كاریشیان بۆ خەڵک رەخساندووە، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ‌هه‌ر كارگه‌یه‌ك 30 تاوه‌كو 50 كه‌س كار ده‌كات. ساڵانه‌ش بڕێكی باش گه‌نمه‌شامی و گه‌نمی جووتیاران و ئاردی بایه‌عی ده‌كڕنه‌وه‌.
 
فیراس سدیق، ده‌ڵێت: "‌كارگه‌كانی ئالیك بزووێنه‌ر‌ی پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌رن، چونكه‌ تێچووی نزیكه‌ی 75%ی مریشك ئالیكه‌، به‌پێی به‌دواداچوونی ئێمه‌ش ئێستا پێداویستی ساڵانه‌ی پەلەوەرخانەکان و پرۆژەکانی ماسی نزیكه‌ی 700 هه‌زار تۆن ئالیكه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ زیاد له ‌پێداویستیی ناوخۆ به‌رهه‌ممان هه‌یه،‌ كارگه‌كان ساڵانه‌ 750 تاوه‌كو 800 هه‌زار تۆن ئالیك هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌كه‌ن ". 
 
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئالیك، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ پێشتر نرخی كاره‌بای کارگەکانی كه‌مكردووەتەوە، هەوڵیشدەدات‌ ره‌سمی گومرگی له‌سه‌ر هاورده‌كردنی پێكهاته‌كانی ئالیك به ‌تایبه‌ت  سۆیا و زه‌یتی سۆیا هه‌ڵبگرێت یان زۆر كه‌می بكاته‌وه‌.
 
فیراس سدیق دەڵێت: "ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ تێچووی به‌رهه‌مهێنانی ئالیك كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ تاوه‌كو دواجار تێچووی به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی مریشك و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی په‌له‌وه‌ر  كه‌مبکەینەوە و بشتوانین قازانجێكی دیاریكراو بۆ كارگه‌كان دابنێین، تاوه‌كو ئه‌وه‌نده‌ نرخی ئالیك روو له‌ هه‌ڵكشان و داشكان نه‌كات‌".‌ 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.