هەناردەی سنە لە شەش مانگدا گەیشتووەتە 347 ملیۆن دۆلار

21-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیی کانزا و بازرگانی لە پاریزگای سنە رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بایی 347 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە. دەشڵێت، لەو ماوەیەدا قەبارەی هەناردە و هاوردە و ترانزێتی کەلوپەل لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە، گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ملیار و 99 ملیۆن دۆلار.
 
تەها سەمیعی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی پارێزگای سنە بۆ کاروباری بازرگانی رۆژی چوارشەممە بە میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، تائێستا بە بەهای 221 ملیۆن دۆلار لە گومرکەکانی پارێزگای سنەوە کەلوپەل هەناردە کراوە، هەروەها بایی 126 ملیۆن دۆلاریش کەلوپەلی گومرکەکانی دیکەی ئێران لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی سنەوە هەناردە کراوە.
 
تەها سەمیعی، لەبارەی ئاماری هاوردەکردنیشەوە گوتی، لەو ماوەیەدا قەبارەی هاوردەکردن لە پارێزگاکە گەیشتووتە 109 ملیۆن دۆلار.
 
بەگوتەی سەمیعی، زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە پارێزگای سنە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بە شێوەی ترانزێت بووە، کە قەبارەکەی زیاترە لە یەک ملیار و 643 ملیۆن دۆلار.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی پارێزگای سنە بۆ کاروباری بازرگانی سەبارەت بە بازاڕچە سنوورییەکانی پارێزگاکەش رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە سێ بازاڕچەی سنووریی نافەرمی لە سنووری پارێزگای سنەوە بایی 40 ملیۆن دۆلار و لە پێنج مانگی ئەمساڵدا بایی 19 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هاوردە کراوە.
 
ئەو بەرپرسە بازرگانییەی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ئەو کەلوپەلانە لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی سنەوە هەناردە  کراون بریتین لە پارچەی یەدەگ، ئامێری جلشۆر و قاپشۆر، ساردکەرەوە، سپلیت و چەندین کەلوپەلی دیکە.
 
لە پارێزگای سنە دوو دەروازەی سنووریی فەرمیی باشماخ و سەیرانبەن هەن، کە دەکەونە سەر سنووری هەرێمی کوردستان، هەروەها دەروازی سنووری سەیفیش هەیە، کە دەکەوێتە سنووری شاری سەقز و سنوورێکی نافەرمیی نێوان سنە و سلێمانییە. بێجگە لەوە سێ بازاڕچەی سنووری خانم شێخان لە قەزای مەریوان، هەنگەژاڵ لە قەزای بانە و ملەخۆر لە قەزای سەوڵاوا هەن.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە