بانکی ناوەندیی عێراق بانک و کۆمپانیاکانی دراو بە 181 ملیار دینار سزا دەدات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 181 ملیار دینار پێبژاردنی لە چوارچێوەی 151 سزای کارگێڕیدا بەسەر کۆمپانیا و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراودا سەپاندووە. چارەکی دووەمی ئەم ساڵ بەراورد بە چارەکی یەکەم، 50%ی سزا کەمیان کردووە.
 
بەپێی لیستی پێبژاردنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بەسەر بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا بڕی پێبژاردن "زۆر کەمی کردووە"، هەرچەندە ژمارەی سزا کارگێڕییەکان زیادیان کردووە.
 
لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا کە تایبەتە بە مانگەکانی "نیسان، ئایار و حوزەیران،" بڕی زیاتر لە 43 ملیار دینار پێبژاردن لە چوارچێوەی 102 سزای کارگێڕیدا هەبووە.
 
لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ کە تایبەتە بە مانگەکانی "کانوونی دووەم، شوبات و ئادار،" بڕی زیاتر لە 138 ملیار دینار پێبژاردن لە چوارچێوەی 49 سزای کارگێڕیدا هەبووە.
 
بەراورد بە چارەکی یەکەم، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵ، بڕی پێبژاردنەکان زیاتر لە 94 ملیار دینار کەمی کردووە، هەرچەندە سزا داراییەکان 53 سزا کەمتر بوون، واتە پێبژاردنەکان 68% کەم بووە.
 
ئەمەی خوارەوە بڕی پێبژاردن و سزا کارگێڕییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقە لە چارەکی یەکەم و دووەمی ئەم ساڵ:
 
- چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ (مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات و ئادار):
 
138 ملیار و 377 ملیۆن دینار 
49 سزای کارگێڕی   
 
- کانوونی دووەم:
98 ملیار و 277 ملیۆن دینار    
17 سزای کارگێڕی
 
- شوبات:
34 ملیار و 637 ملیۆن دینار    
17 سزای کارگێڕی
 
- ئادار: 
5 ملیار و 462 ملیۆن دینار
15 سزای کارگێڕی
 
- چارەکی دووەمی ئەم ساڵ (مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیران):
 
43 ملیار و 465 ملیۆن دینار 
102 سزای کارگێڕی   
 
- نیسان:
6 ملیار و 634 ملیۆن دینار    
30 سزای کارگێڕی
 
- ئایار:
34 ملیار و 2 ملیۆن دینار    
42 سزای کارگێڕی
 
- حوزەیران: 
2 ملیار و 829 ملیۆن دینار
30 سزای کارگێڕی
 
فەیسەڵ نایلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پێبژاردنەکەوە بە رووداوی گوت، "کەمبوونەوەی پێبژاردن لە چارەکی دووەم بۆ پابەندبوون بە رێکار و رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەگەڕێتەوە، چونکە بانکەکە رێکارەکانی بۆ رێگەگرتن لە بردنە دەرەوەی دۆلار یان بەقاچاخبردن تووند کردووە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیشیکردەوە، "بەشێکی زۆری ئەوانەی سزا دراون کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراون."
 
ئەو بانکانەی لە ماوەکانی رابردوودا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە پێدانی دۆلاری ئەمریکی بێبەش کراون، 31 بانک و نزیکەی 75 دامەزراوەن.
 
بەپێی ئامارەکانی رابیتەکە لە عێراق نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەبوون، لە دوای بڕیاری بانکی ناوەندی بە تێکەڵکردنیان، بەشێکیان تێکەڵکراونەتەوە، نزیکەی 80 کۆمپانیایان بەتەنیا خۆیان تۆمارکردووەتەوە، 140 کۆمپانیاش لە چوارچێوەی جۆرەکانی (A و B) تێکەڵکراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە.لە هەرێمی کوردستان 600 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن.
 
هەروەها بەپێی بانکی ناوەندیی عێراق، زیاتر لە 80 بانکیش هەن، لەنێویاندا 7یان بانکەکانی حکومەتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە