رووداو - هەولێر
دوای بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هێلکە بۆ نێو عێراق لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، نرخی هێلکە لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراقیش دەڵێت، بڕیارەکە پێویست بوو بۆئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە بگیرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا، 11 پرۆژەی بەخێوکردنی مریشک بۆ بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، بەپێی ئامارەکانی ڤێرتێرنەری لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە یەک ملیار و 311 ملیۆن هێلكە بەرهەم دەهێندرێن، ئەوە لەكاتێكدایە پێویستی هەرێمی كوردستان بە هێلكە لە ساڵێكدا نزیكەی 850 ملیۆنە، بەڵام بڕێکی زۆری هێلکەی بەرهەمهاتوو رەوانەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، کۆبوونەوەیان کردووە بۆئەوەی هەناردەی بەرهەمی ناوخۆ بۆ شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کەمبکەنەوە تاوەکو کێشەی کەمی هێلکە چارەسەر بکەن.
سۆران عەبدولغەفور عەزیز، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت "پێشتر نرخی تەبەقەیەک هێلکە لەنێوان سێ هەزار بۆ سێ هەزار و 500 دینار بوو، ئێستا بە نرخی کۆ بۆ خاوەن فرۆشگاکان پێنج هەزار دینارە و ئەوانیش بە پێن هەزار و 500 دینار دەیفرۆشنەوە".
هاوکات وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارەکە پێویست بوو بۆئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە بگرێت.
خاوەنی ئەو فرۆشگەیانەش کە هێلکە دەفرۆشن گلەیی ئەوە دەکەن هێلکەی پێویستیان بۆ فرۆشتن بەدەستناگات.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)