ئەنجوومەنی وەزیران: باج بەشێوەیەک رێکبخرێتەوە رەچاوی بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتییان بکات

21-02-2024
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، خشتەی نوێی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسندکرا و گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە هەرێمی کوردستان کرا. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "وەرگرتنی باج زیادنەکراوە و رێژەکەی هەر وەکو خۆیەتی و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە: "لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەبڕیاری رێکخستنەوەی رسومات، کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ کارسازیی و بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرا".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەنجوومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسند کرد و لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە هەرێمی کوردستان بوو، کە تێیدا کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی راپۆرتێکی لەبارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی کەرتی باج پێشکێشکردووە.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە رێکخستنەوەی کەرتی باجدا رەچاوی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باج کراوە، "بەبێ ئەوەی هیچ باجێک زیاد بکرێت یان رێژەکەی بەرزبکرێتەوە، بەڵکو بڕ و رێژەی باج هەروەک خۆیەتی و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەوەی کراوە رێکخستنەوەی رێکار و پرۆسەکانی وەرگرتنی باجە و گرتنەبەری میکانیزمی نوێ و گونجاوە، بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوونی ناڕەوا و نایاسایی لە پێدانی باج و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی رۆتین".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، بەردەوام بێت لە چاکسازی لە سیستمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران لە پڕۆژە و کۆمپانیاکان لە پێدانی باج، دەبێ بەشێوەیەکیش رێکبخرێتەوە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت و رەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووریی هاووڵاتییان بکات و بارگرانیی لەسەر کاسبکاران و کارسازان دروست نەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە