لە ئەمڕۆوە رێگە بە هاوردەکردنی ماسی دەدرێت

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێناس ساڵح
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەی رووپێویەک داهاتی ماسی لە دەریاچە و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، سەرۆکی کۆمەڵەی پەرەپێدانی سامانی ماسی دەڵێت، ئێستا بەرهەمی نێوخۆ خواستی بازاڕ پڕناکاتەوە، بۆیە نرخی ماسی گرانبووە. بۆ هەرزانبوونی نرخەکەشی لە ئەمڕۆوە لە دەروازەکان رێگە بە هاوردەکردنی دەدرێت.
 
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، نووسراوێكی بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەكان ناردووە و تێیدا هاتووە، لە ئەمڕۆوە هاوردەكردنی ماسی ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەیش بەهۆی كەمبوونەوەی ماسی لە بازاڕی نێوخۆ و گرانبوونی نرخەکەی. ئێستا نرخی کیلۆیەک ماسی بە 8 تاوەکو 9 هەزار دینارە.
 
رۆژانە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە 75 هەزار تۆن ماسی هەیە، بەڵام بەرهەمی ماسی حەوزەکان لەم وەرزەدا خواستی نێوخۆ پڕناکەنەوە بەوهۆیەوە 50% ماسی بازاڕەکان هاوردە کراون.
 
سەڵاح مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی پەرەپێدانی ماسی لە کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بەرهەمی کێڵگە نێوخۆیەکان دێنە بازاڕەوە، ئەوکات پێویستیان بە هاوردەکردن نامێنێت و نرخی ماسیش هەرزان دەبێت.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەرەپێدانی ماسی لە کوردستان ئاماژەی بە داهاتی سامانی ماسی لە رووبارەکان کرد و گوتی: "ساڵ بە ساڵ ماسی رووبارەکان کەم دەکات، ئەویش بەهۆی زۆربوونی ژمارەی راوچی و راوکردن بەشێوەی نەشیاو و نەبوونی پلان بۆ بڕ و چۆنیەتی راوکردن لە رووبارەکان، چونکە لە وڵاتانی دیکە بڕی راوکردن دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی ماسی رووبارەکان  لەنێو نەچن."
 
سەڵاح مەجید ئاشکرای کرد بەپێی ئەو رووپێویەی کردوویانە لە ماوەی 10 ساڵدا لە ساڵی 2013ـەوە بۆ ساڵی 2023 داهاتی سامانی ماسی لە دەریاچەی دووکان 40% و لە دەریاچەی دەربەندیخان 35% کەمیکردووە.
 
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، 413 پڕۆژەی بەخێوکردنی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیە. بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمی ماسیی هەرێمی کوردستان خواستی نیوخۆیی پڕناکاتەوە. بەرهەمی ساڵانەی ئەو حەوزانە، نزیکەی سێ هەزار و 500 تۆن ماسییە. 
 
بەڵام سەڵاح مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی پەرەپێدانی ماسی لە کوردستان دەڵێت، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە کۆمەڵەکەی ئەوان تۆمارکراون لە هەرێمی کوردستان 4500 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەن و بەرهەمی ساڵانەیان 30 هەزار تۆن دەبێت.
 
بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 95% حەوزەکانی ماسی لە هەرێمی کوردستان  حەوزی گڵن بەرهەمەکانیان چوار وەرزی نین بەوەش لە کاتی پێگەشتنی بەرهەمەکانیان هەمووی بەیەکجار دەخرێتە بازاڕەکانەوە و نرخەکەی بە یەکجار هەرزان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەستن و لە قتونانی ماسی لە هەرێمی کوردستان نییە تاوەکو بەرهەمەکانیان لەو وەرزی پێگەیشتن ساخ بکاتەوە.
 
90% بەرهەمی ماسی حەوزەکان لە جۆری کارب و دواتر جۆرەکانی سەلەمۆن، گراسی و سلڤەر دێن. هاوکات نرخی ئالیکی ماسی دوو ساڵە گران بووە، دوو جۆر ئالیکی ماسی لە بازاڕەکان هەن. تۆنێک ئالیکی سەرئاوکەوتوو نرخەکەی لە ملیۆنێک دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ملیۆنێک و 200 هەزار دینار. تۆنێک ئالیکی ژێر ئاو کەوتوو کە لە نێوخۆ بەرهەمدێت نرخەکەی لە 700 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 900 هەزار دینار.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی؛وێنە بڵند تاهیر - رووداو

بەڵگە.. وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی داوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە

لە رۆژی 18ـی مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق بە سێ نووسراوی فەرمی، واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی سێ فەرمانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکە نەگەیشتووە.