رووداو دیجیتاڵ
لەمەودوا پارەی مووچە ناچێتە بانکی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی و وەزارەتی دارایی ئەو بانکە بێ رۆڵ دەکات و پارە مووچە بۆ بانکی ئاشتی دەنێرێت.
رووداو لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە زانیویەتی، ئەمڕۆ گشتاندێک ئاراستەی سەرجەم بانکەکان دەکرێت سێ داواکاریی سەرەکی تێدایە، یەکەم، لەمەودوا هیچ بانکێک نابێت دەستکاریی یان مامەڵە بەو پارەیەوە بکات، کە بۆ مووچە هاتووە.
دووەم، ئەو پارانەی کە لەداهاتی نێوخۆ کۆکراونەتەوە و لە بانکەکانن جگە لەبەکارهێنانی بۆ نێوخۆی ئەو ناوچەیەی بانکەکەی لێیە، بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە بەکارناهێندرێت.
سێیەم، ئەو پارانەی خەڵک لە بانکەکان دایانناوە بەهەمانشێوە ئەوانیش نابێت مامەڵەیان پێوە بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی وەریگرتوون، ئامانج لەو هەنگاوە ئەوەیە، لەمەودوا بەڵێندەران، کۆمپانیاکان و خەڵک ترسیان نابێت لەوەی پارە لە بانک دابنێن، هەرکات ویستیان پارەکانیان وەربگرنەوە دەبێت بانکەکە پارەکانیان راستەوخۆ بۆ دابین بکات و نابێت بڵێت، پارە لە بانک نییە.
رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی داراییەوە زانیویەتی، لەمەودوا کە پارەی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق خەرج کرا، دەچێتە بانکی ناوەندی لقی هەولێر لەوێشەوە بۆ بانکی ناوەندی و دواتریش بۆ بانکی ئاشتی لە سلێمانی لە کاتێکدا پێشتر لە بانکی منارەوە دەچووە بانکی ناوەندی هەرێم- سلێمانی.
وەزارەتی دارایی گۆڕانکاریی لە سیستمی دارایی کردووە بەهۆی دەستکاری و مامەڵەکردن بە پارەی مووچە و داهاتی ناوخۆ لەلایەن هەندێک بانکەوە. پێشتر، بانکەکان دەسەڵاتیان هەبووە بڕی دیاریکراو خەرج بکەن، بەڵام ئێستا ئەو دەسەڵاتە لێیان سەندراوەتەوە و دەبێت راپۆرتی هەفتانە رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن.
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی سێ چاوەڕوانی واژۆی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت. خانەنشینان کە تازە مامەڵەیان تەواو بووە، مووچەی سێ مانگی شوبات و ئاداریان پێ دەدرێت. پاداشتی کۆتایی خزمەت دوو بەشە: 12 مووچەکە لەلایەن بەغداوە دەدرێت بە خانەنشینانی خاوەن خزمەتی زۆر، و 6 مووچەکەی تر لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە کە هێشتا روونی نەکردووەتەوە کەی دەیدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ