ئەپیکور بۆ رووداو: هێشتا هیچ رێککەوتنێک لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت نییە

دوێنێ کاژێر 08:00
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەپیکور بە رووداوی گوت، هێشتا هیچ رێککەوتنێک لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت نییە و پێویستییان بە کۆبوونەوەی زیاترە، ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە عێراق کرد، لەسەر ئەم پرسە بگاتە رێککەوتن.
 
رۆژی چوارشەممە 19-03-2025 مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند: "هێشتا هیچ رێککەوتنێک نییە، کۆبوونەوەی زیاتر پێویستن. ئەپیکور سوپاسی سەرۆکوەزیران، سوودانی و بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا دەکات کە هەناردەکردنەوەی نەوتیان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا خستووەتە پێشینەی کارەکانیان."
 
لێدوانەکەی کاگینز دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ چوارشەممە تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق تورکیا بە زووترین کات بگاتە رێککەوتنێک و رێز لە گرێبەستە ھەنووکەیییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا بگرێت."
 
برووس پێیوابوو کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق تورکیا، "گەرەنتیی ئەوە دەکات کە نەوتی عێراق دەگاتە بازاڕە جیھانییەکان، بەتایبەت بازاڕەکانی ئەوروپا."
 
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.
 
رۆژی 10-03-2025 ئەپیکور رایگەیاند، ئاماژە بۆ گرنگیدان بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان هەیە و هەر کە رێککەوتنی نوێ کرا، ئامادەن بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوت.
 
ئەپیکۆر سوپاسی نیاز و لێدوانەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای کرد، کە ئاماژە بە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا دەکەن.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان چاوەڕێیە رێککەوتنی نوێ بکرێت و گوتی، هەر کە رێککەوتنی نوێ کرا، کۆمپانیاکانیان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. ئامادەییشی دەربڕی بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببنەوە.
 
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی 09-03-2025 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. لە پۆستەکەدا نووسی "راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، داوای لە حکومەتی عێراق کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەجێماوەکانی گرێبەستەکان و دانەوەی قەرزی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزە."
 
بەرپرسە باڵاکەی ئیدارەی ترەمپ داوای لە سوودانی کرد، بەغدا "هاوئاهەنگیکارێکی بواری وەبەرهێنان دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکات، کە دەیانەوێت لە عێراق کار و وەبەرهێنان بکەن."
 
رۆژی 06-03-2025 کاگینز میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداو بوو و جگە لە بابەتی ناکۆکیی رێککەوتن، ئاماژەی بە "یەک ملیار دۆلار قەرز"ـی هەرێمی کوردستانی دا و گوتی، پێش هەناردەکردنەوەی نەوت، دەبێت روون بێتەوە کەی و چۆن ئەو پارەیە وەردەگرنەوە.
 
کاگینز داوایکرد، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، گوێ لە بۆچوونەکانی ئەوان بگرن و، ئەوانیش گوێ لە تێبینییەکانی هەردوو حکومەتەکە دەگرن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە