رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق نوێترین ئاماری وەرگرتنی گەنمی راگەیاند و دەڵێ، لە چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر 4 ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە کە زیاتر لە 150 هەزار تۆنی لە هەرێمی کوردستان بووە.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 27ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕی گەنمی وەرگیراو گەیشتووەتە نزیکەی 4 ملیۆن و 100 هەزار تۆن لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، گەرعاوی گوتی، "ئەو بڕە گەنمەی تاوەکو دوێنێ لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە 154 هەزار تۆن بووە و نزیکەی 250 هەزار تۆنی دیکەش ماوە وەربگیرێ."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە روونیکردەوە کە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە زۆربەی پارێزگاکان داخراوە، بەڵام سایلۆکان لە 5 پارێزگا هێشتا بەردەوامن لە وەرگرتنی بەرهەم، ئەوانیش هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و نەینەوان.
12ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد و دواتر پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەشی گرتەوە و تاوەکو ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامە.
حکومەتی عێراق بۆ ئەم ساڵ بڕیاریداوە 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، بەجۆرێک 292 هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدایە و بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێ و زیاتر لە 108 هەزار تۆنەکەی دیکەش وەک دەرەوەی پلان هەژمار دەکرێ و بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێ.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە پێشبینی کرد کۆی گشتیی گەنمی وەرگیراوی ئەم وەرزە بگاتە نزیکەی 5 ملیۆن تۆن یان کەمێک کەمتر.



