نرخی نەوتی برێنت گەیشتە نزیکەی 96 دۆلار

19-09-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و بۆ یەکەمجار لە دوای زیاتر لە ساڵێک، نرخی بەرمیلێك نەوتی ئەمریکا گەیشتە سەروو 93 دۆلار؛ نرخی نەوتی برێنتیش گەیشتە نزیکەی 96 دۆلار.

رۆژی سێشەممە، 19-09-2023، نرخی نەوتی برێنت دۆلارێک و 54 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 95 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی برێنتە لە 4ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2022ەوە؛ ئەوکاتە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 98 دۆلار و 57 سەنت.

هاوکات، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش دوو دۆلار و 12 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 93 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. 

ئەمە بەرزترین نرخی نەوتی برێنتە لە 8ـی ئابی ساڵی 2022 ەوە؛ ئەو کاتە نرخی بەرمیلێک گەیشتە 94 دۆلار و 15 سەنت.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کەمکردنەوەی بەرهەم و هەناردەی نەوتی سعودیە و رووسیایە.

رۆژی 05-09-2023، سعودیە ماوەی کەمکردنەوەی خۆویستانەی بەرهەمهێنانی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانەی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ درێژکردەوە کە لە مانگی تەممووزدا چووبووە بواری جێبەجێکردنەوە.

رووسیاش درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی هەناردەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی تاوەکو هەمان ماوە راگەیاند. ئەو بڕەی دوو سەرکردەکەی ئۆپێک پڵەس کەمیان کردووەتەوە ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلە کە دەکاتە نزیکەی 1.5٪ـی خواستی رۆژانەی جیهان بۆ نەوت.

هاوکات، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی 13-09-2023، لە راپۆرتی مانگانەی خۆی لەبارەی بازاڕی نەوت رایگەیاند، "هاوپەیمانیی نێوان سعودیە و رووسیا ئاڵنگاریی گەورە بۆ بازاڕەکانی نەوت دروستدەکات"؛ دەشڵێت: "لە مانگی ئەیلوولەوە کەمکردنەوەی نەوتی ئۆپێک پڵەس بە رێبەرایەتیی سعودیە دەبێتە هۆی ئەوەی لە چارەکی چوارەمی ئەم ساڵدا خستنەڕووی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە."

رۆژی 18.9.2023 عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە بەرگری لە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە لایەن وڵاتەکەی و رووسیاوە کرد و رایگەیاند، بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزە پێویستیان بە رێوشوێنی سووک هەیە بۆ سنووردارکردنی ناجێگیری.

وەزیری وزەی سعودیە هۆشداریشی دا لە نادڵنیاییەکان لەبارەی خواستی چین لەسەر نەوت، لاوازیی گەشەی ئابووریی ئەوروپا و رێکارەکانی بانکی ناوەندی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەم هەفتەیە بانکە ناوەندییەکانی هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، ژاپۆن، سوێد، سویسرا و نەرویج بۆ بڕیاردان لەبارەی سوودی بانکیی وڵاتەکانیان کۆدەبنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە