رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رەتیدەکاتەوە لەم کاتەدا بەنزینی 450 دیناری هاوشێوەی
پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات؛ هاوکات بڕیارە رۆژی
پێنجشەممە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان یان نوێنەرێکی لەگەڵ لیژنەی
نەوتی پەرلەمانی عێراق لەسەر هەمان پرس کۆببێتەوە.
گفتوگۆکان لەبارەی دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان
گەیشتوونەتە بنبەست. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری نەوت بە رووداوی راگەیاند: "دوا قسەی
وەزیری نەوت ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە بوو کە ناتوانن ئێستا بەرهەمی بەنزین
بدەنە هەرێمی کوردستان. سەرەتا گوتی ئێمە وەک عێراق داوا دەکەین بدرێت بە هەموو
هاونیشتمانیان بە بێ جیاوازی و 50 هەزار بەرمیلەکەمان بدەنێ دەیدەین، بەڵام کە
بەدواداچوونمان بۆ کرد و گوتمان ئێوە خۆتان 7 ملیۆن لیتر هاوردە دەکەن بۆ خواروو و
ناوەڕاست، چۆن بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانن دابینی بکەن؟ لە وەڵامدا گوتی ئێستا لە
توانای ئێمەدا نییە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین."
لە بەرامبەردا، بەپێی وتەی پەرلەمانتاران، پەرلەمانی عێراق دوو بژاردەی
پێشنیار کردووە تاوەکو نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابەزبێت.
عومەر پێنجوێنی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی
گوت: "سەرۆکی پەرلەمان بە روونی گوتی هەرێم لە نێوان دوو بژاردەدایە؛ یان ئەو
50 هەزار بەرمیلەی پێی دەدرێت بە نرخی پاڵپشتیکراوی 450 دینار بیدات بە
هاونیشتمانیان، یان ئەگەر ناتوانێت، بیداتەوە بە حکومەتی فیدراڵ و ئێمە لێرەوە
هەموو نەوتەکە بەو نرخە پاڵپشتیکراوە دابین دەکەین؛ کەواتە حکومەتی هەرێمی
کوردستان لەبەردەم تەحەدییەکی گەورەدا دەبێت."
زیاتر لە مانگێکە لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی
بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە و لە کارەکانیان بەردەوامن.

