رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند لەگەڵ بانکى ناوەندى چەندین رێوشێنى چاکسازییان گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێکردنى چاکسازیی دارایی و دەڵێت بۆ یەکەمجار، بنکەى زانیاریی دارایی بۆ مامەڵە بانکییەکان داندراوە.
رۆژی 19ـی ئەیلوولى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لە شارى نیویۆرکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەگەڵ بارین نیڵسۆن، بریکارى وەزارەتى گەنجینە ئەمریکا بۆ کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و هەواڵگرى دارایی کۆبووەتەوە و باسیان لە میکانیزمەکانى هاوکاریی نێوانیان کردووە لەبوارى چاکسازیى ئابوورى و کارگێڕیدا.
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاندووە، حکومەتەکەى لەگەڵ بانکى ناوەندى عێراق چەند رێوشوێنێکى گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێکردنى چاکسازى دارایی و بۆ یەکەمجاریش بنکەى زانیارى دارایی بۆ مامەڵە بانکییەکان داندراوە، لەپێناو دروستکردنى متمانەى پێویست لە مامەڵەکان لەگەڵ بانکە جیهانییەکاندا.
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، لەسەر بنەماى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کارى حکومەتیان بەرفراوان کردووە بۆ رێگرى لە سپیکردنەوى پارە.
ئەو کۆبوونەوەیە لە پەراوێزى سەردانى سوودانى بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە خولى 78ـەمینی کۆبوونەوەى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا بارین نیڵسۆن، ئامادەیی وەزارەتى گەنجینەى دەربڕیوە بۆ کارکردن لەگەڵ بانکى ناوەندیى عێراق لە پرسی نەختینەیى دارایی و حەواڵە بانکییە بازرگانییەکانى عێراق بۆ دەرەوە.
رۆژی 20ـی تەمموزى 2023 بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی گشتاندنی بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کرد و تێیدا ناوى 14 بانکى بۆ ناردوون کە چیدی مامەڵەى فرۆشتنى دۆلاریان لەگەڵدا ناکەن و، ئەو بڕیارەش بەهۆی وردبینی بووە لە حەواڵەی بانکیی بانکەکانی ساڵی رابردوو.
ئەو رێوشوێنە بەشێک بوو لەو هەنگاوانەى بانکى ناوەندى دەیاننێت بۆ پابەند بوون بە پێوەرەکانى بانکى فیدراڵى ئەمریکا لە فرۆشتنى دۆلار بۆ رێگرى لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوە و سپیکردنەوەى پارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ