رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رابیتەی بانکەکانی ئیسلامیی عێراق رایگەیاند لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی دارایی و بانکیی عێراق سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و هەڵگرتنی سزاکانی سەر بانکەکانی عێراق یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان دەبێت.
د. عەباس فازڵ، گوتەبێژی رابیتەی بانکەکانی ئیسلامیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە ماوەی نزیکی داهاتوودا شاندێکی عێراق کە بانکی ناوەندی و دەستەی وەبەرهێنان و ژمارەیەک دامەزراوە و بەرپرسەکانی تێدایە، سەردانی ئەمریکا دەکەن، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان تاوتوێکردنی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکایە بەسەر بەشێک لە بانکەکانی عێراق و پێنەدانی دۆلار پێیان دەبێت."
نزیکەی 30 بانکی عێراقی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان و دۆلاریان پێنادرێت.
رۆژی دووشەممە، 19ـی ئابی 2024، رابیتەی بانکەکانی ئیسلامیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پشتیوانی لە رێکارەکانی بانکی ناوەندی، ئەوانەی لە رابردوودا بەدەستهاتوون و لە گەڕەکانی داهاتووشی دەکەین لەگەڵ گەنجینە و بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا بۆ پێدانی دۆلار بە بانکەکە بێبەشکراوەکان."
رابیتەکە هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری "بەرز" هەڵسەنگادنووە و دەڵێت وایانکردووە لەلایەن کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی"FATF"، هەڵسەنگاندنی ئەرێنیی بۆ بکرێت.
بێبەشکردنی بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار ''بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری، شووشتنەوەی پارە و کاری دیکەی نایاساییە بە دۆلاری ئەمریکی'' و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکایە بۆ رێگری لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان، وەک ئێران، سووریا و لوبنان.
5ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە کە بێبەشکراون لە مامەڵەی دۆلار، لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراقی و کوردستانی تێدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ