دەروازەی سنووریی پەروێزخان بەڕووی تانکەرەکان داخرا

دوێنێ کاژێر 10:25
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی پەروێزخانی کرماشان دەڵێت، تاوەکو 25ـی ئادار، هاتووچۆی تانکەر و ترانزێتی سووتەمەنی لە رێگەی دەروازەکەوە قەدەخەیە؛ گوتیشی، ''بڕیارەکە بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی رێگەوبانە لە رۆژانی نەورۆزدا.'' 
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19-03-2025) مەیسەم پەرهیختە، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی پەروێزخانی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ''هاتووچۆی تانکەرەکان و ترانزێتی سووتەمەنی بە دەروازەکەدا بۆ باشووری ئێران، تاوەکو کاژێر 07:00ـی بەیانیی 25ـی ئادار (بەکاتی تاران) قەدەخە دەکرێت.''
 
بەگوتەی مەیسەم پەرهیختە لەو ماوەیەدا رێگەنادرێت تانکەرەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە نێو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ''ئەو بڕیارەآ بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی رێگەوبانەکان و ئاسانکارییە بۆ گەشتیارانی نەورۆز.'' 
 
بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێگرییەکە لە دوو قۆناخدا دەکرێت، ''قۆناخی یەکەم لە 17ـی ئادارەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 25ـی ئادار بەردەوام دەبێت، قۆناخی دووەمیش 30ـی ئادار دەستپێدەکات و تاوەکو 5ـی نیسان بەردەوام دەبێت.''
 
لەکاتی ئاساییدا، رۆژانە نزیکەی 500 تانکەری سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەی ترانزێت لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە بەرەو ئێران تێدەپەڕن؛ مەیسەم پەرهیختە گوتی، ''ژمارەیەکی زۆر لە تانکەرەکان راستەوخۆ بەرەو ماهشەهر و بەندەرەکانی باشووری وڵات دەچن و لە دوای بەتاڵکردنی بارەکانیان، هەر لە رێگەی پەروێزخانەوە دەگەڕێنەوە [هەرێمی کوردستان و] عێراق.''
 
لە 13ـی ئادارەوە "پڕۆژەی نەورۆزە" لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە حکومییەکان بەمەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیارانی بیانی و نێوخۆیی، لە ئامادەباشیی تەواودان، کە تاوەکو 4-04-2025 بەردەوام دەبێت.
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ دەروازەی سنووریی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دەروازەی سنووریی خوسرەوییش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە