رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیران داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، دەشڵێ "ئێستا رێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەکەدا نەماوە."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025) ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە، رێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕگەیەکی کۆبوونەوەکە بوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازی و پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ، جەختی لەوەش کردەوە "هەرێم داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە کە ئەمە لەبەرژەوەندیی هەموو لایەنەکانە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ـوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق گەیشتووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی راسپارد "هەرچی زووە لەسەر رێکار و میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی (هەناردەی) نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بەتایبەتیش کە ئێستا یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و رێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەکە دا نەماوە و، یاساکە نەخشەڕێگەی بابەتەکەی بە ڕوونی دەستنیشان کردووە."
ئەمە لەکاتێکدایە؛ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئەمڕۆ لە ئەنقەرە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هێشتا هیچ ئاگادارینامەیەک بۆ تورکیا نەنێردراوە، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - جەیهان."
دوێنێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و شاندێکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە هەولێر لەبارەی رێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ناوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، خرایەڕوو.
هەناردەی زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان لە 25ـی ئاداری 2023 وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێل کردووە.
گەورەترین کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنان و گواستنەوە بوو.
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسند کرد، بەمەش کرێی دەرهێنان و گواستنەوەیان بۆ بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە کردە 16 دۆلار. ئەوەش بۆ ماوەی 60 رۆژە و لیژنەیەک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
دوێنێ وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی یاساكانی گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان، لێبووردنی گشتی، یاسای باری كەسیێتی و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ