رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای دەنیزلی، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە داهاتووێکی مامناوەند دا هەڵاوسان دادەبەزێننە تاکخانەیی.
کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای دەنیزلی رۆژی دووشەممە 18-11-2024 بە ئامادەبوونی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بەرێوەچوو.
یڵماز باسی لە هەنگاوە هەنووکەییەکانی ئاکپارتی و بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ دۆخی خراپیی ئابووری کرد و رایگەیاند، جیهان بە گشتی و تورکیا بە تایبەتی بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕن، گوتیشی: "سەرەڕای هەموو ئەم کێشانەی هەن، تورکیا لەسەر پێیەکانی خۆیەتی، سەقامگیری و سەقامگیریی سیاسیی هەیە. کەشی ئارامیی هەیە، چونکە بە بێ ئارامی هیچ شتێک دەستەبەر نابێت".
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکی بەڵێنی دا ساڵی ئاییندە لەم کاتانەدا هەڵاوسان دادەبەزێننە تاکخانەیی و ئەو بابەتە لەسەر لیستی رۆژەڤی تورکیادا ناهێڵن.
بە گوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک) کە رۆژی 4-11-2024 بڵاویکردەوە، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی تورکیا بۆ مانگی تشرینی یەکەم 48.58٪ بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە زۆر لە چاودێرانی ئابووری و رێکخراوانی تایبەت بە ئابووریی ئەو ئامارەی دەوڵەت رەتدەکەنەوە و دەڵێن، هەڵاوسانی تورکیا زۆر لەوە بەرزترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ