بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق: نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین

18-10-2022
سروە هەورامی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا نرخی ئەو نەوتەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێن، دیاریدەکرێت. دەشڵێت: "وەزارەتی نەوت بڕیاریداوە نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆئەوەی بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێت."
 
رۆژی سێشەممە 18-10-2022، حوسێن تاڵیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی نەوتی وڵاتەوە نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکات."
 
حوسێن تاڵیب گوتی: "چاوەڕوانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی بە نووسراو بڕی پێویست کە دەنێردرێت و نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراو دیاری بکات؛ ئەم کارە زۆری پێناچێت و پێشبینی دەکەین لە ماوەی دوو رۆژدا ئەم کارە تەواوبێت و دەست بە ناردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی نرخی بەرمیلی نەوت کە بڕیارە دابەشبکرێت، رایگەیاند، لە 20ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكرنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان دەکەن. "بۆ ئەو مەبەستەش هەموو خێزانێك 200 لیتر نەوتی سپی بە نرخی 100 هەزار دینار پێدەدرێت. ئەم نرخەش بە رێژەی 65% لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتی كراوە و هاووڵاتی 35%ی دەدات."
 
رۆژی 13-09-2022 کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەوە؛ دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکاتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا 320 هەزار خێزان لە دابەشکردنی نەوت سوودمەند دەبن.
 
رۆژی هەینی 23-09-2022، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان کۆبووینەوە. ئەوان پلانیان وایە ئەمساڵ نەوت دابەشی سەر ماڵان بکەن بە سێ هەنگاو."
 
بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەو پلانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەوانی داوە بەم شێوەیە:
 
- مانگی 10 نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشدەکرێت.
 
- مانگی 11 نەوت لە دەوروبەری شارەکان دابەشدەکرێت.
 
- مانگی 12 نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەشدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.