جەمال کۆچەر: وا دیارە بەغدا بڕیارى ئەوەیە نەچێتە ژێر بارى مووچەی هەموو مانگەکان

18-09-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەغدا، پارە بۆ سێ مانگى مووچەى هەرێمى کوردستان دەنێرێت، لەکاتێکدا سێ مانگ مووچە نەدراوە و تێکڕاى قەرزەکان لەمساڵدا دەگاتە نزیکەى پێنج تریلیۆن دینار. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت "وا دیارە بەغدا بڕیارى ئەوەیە؛ نەچێتە ژێر بارى هەموو مانگەکان و هەر ئەوە وەک قەرزێک بە هەرێمى کوردستان دەدات."
 
17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا بڕى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک قەرز رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات.
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێت، بۆ مانگەکانی 9، 10  و 11ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە کە بەشێوەیەکی مانگانە دەدرێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان مووچەى مانگەکانى تەممووز، ئاب و ئەیلوولیان وەرنەگرتووە، دوایین گوژمەى پارەش کە لە بەغداوە نێردرابێت لە مانگى حوزەیران بوو، کە 598 ملیار دینار بوو و مووچەى ئەو مانگەى پێ دابەشکرا. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "وا دیارە بەغدا بڕیارى ئەوەیە؛ نەچێتە ژێر بارى هەموو مانگەکان و هەر ئەوە وەک قەرزێک بە هەرێمى کوردستان دەدات."
 
جەمال کۆچەر ئاماژەى بەوەش دا "ئەوەى پەیوەندیدارە بە مووچەى ئەو سێ مانگەوە، لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە چۆن دابینى دەکات."
 
لە سەرەتاى ئەمساڵەوە، بەغدا دوو تریلیۆن و 598 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان رەوانە کردووە، کە بڕیارە لەگەڵ شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لەسەر بەغدا، پاکتاو بکرێت و بە ناردنى ئەو بڕە پارەیەى دیکە بۆ مانگەکانى 9 و 10 و 11 ، تێکڕاى ئەو بڕە پارەیەى بەغدا وەک قەرز لە ئەمساڵدا لەسەر هەرێمى کوردستان هەژماریکردووە، دەگاتە چوار تریلیۆن و 698 ملیار دینار.
           
 
   

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.