رووداو- هەولێر
79 کۆمپانیای ئێرانی لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزۆیلا لە پێشانگەی هاوبەشی پیشەسازی و تەکنۆلۆجیای ڤەنزۆیلا و ئێران بەشدارن. کۆمپانیا ئێرانییەکان بەرهەمەکانیان وەک فڕۆکەی بێفرۆکەوان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دەرمان و ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە پێشانگەکەدا خستووەتەڕوو.
سام مووسەوی، ئەندازیار لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانی دەڵێت: "یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە لێرە ئەوەیە لەگەڵ کەرتی تایبەت یان حکومەتی ڤەنزوێلا پڕۆژەی هاوبەش ئەنجام بدەین. دەتوانین ناوەندی بەرهەمهێنان لێرە بکەینەوە و پێکەوە کاربکەین و هەموو جۆرە درۆنێک دروستبکەین."
لە ساڵی 2021دا بە بەهای 122 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و ڤەنزۆیلا هەبووە، بەڵام دوو وڵاتەکە ئامانجیانە ئەو ژمارەیە بۆ ساڵانە 11 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
کەرتی تەندروستی یەکێکە لەو کەرتانەی کە کۆمپانیا ئێرانییەکان چاویان لێیە بۆ ئەوەی لە بازاڕی ڤەنزوێلا چالاکییەکانیان زیادبکەن.
وەحید ئۆرایی، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئاریا تێب گوتی: "گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی 50 ئامێری دیالیزیان بۆ دابین بکەین. دواتر پێشنیازمان کردووە بۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی 1000 ئامێریان بۆ دروستبکەین."
ئێران و ڤەنزۆیلا گەمارۆی تووندی ئابووریی ئەمریکایان لەسەرە و پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بۆ کەمکردنەوەی قورسایی گەمارۆکانە.
بەپێی ناوەندی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکی، ئێران بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار دۆلار لە ڤەنزوێلا وەبەرهێنانی کردووە و لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا 300 رێكکەوتنی بازرگانی هەیە.
زیاترین ئەو بەرهەمانەی کە لە ئێرانەوە هەناردەی ڤەنزوێلا دەکرێن، بەرهەمە نەوتییەکان، ماددەی پێترۆکیمیایی و دەرمان و کەرەستەی پزیشکین.


.jpg&w=3840&q=75)