رووداو- رۆیتەرز لانیكەم 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی باشووری كوردستان لەناو كەشتی نەوتهەڵگرەو بەرەو ئاسیا دەڕوات. بە گوتەی چەند سەرچاوەیەكی بازرگانی لەوانەیە شوێنی كۆتایی ئەو نەوتە وڵاتی چین بێت. هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن، كە ئێستا بەرپرسانی باشووری كوردستان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بە چین بفرۆشن، بەڵام هێشتا دیار نییە كڕیارە چینییەكان كێن. ئەگەر بێت و ئەم ئاڵوگۆڕە سەربگرێت لەنێوان كوردستان و چین، ئەگەری ئەوە هەیە كە ناكۆكی بكەوێتە نێوان چین و عێراق بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە عێراق یەكێك لەو وڵاتانەیە كە نەوتێكی زۆر هەناردەی چین دەكات. ئەم هەفتە باڵیۆزی چین لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە هەولێر كۆبووەوە و باسی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەردوولا و كردنەوەی كونسوڵخانەی چین لە باشووری كوردستان كرا. یەكێك لەو سەرچاوانە كە نەیویستووە ناوی بهێنرێت بە رۆیتەرزی گوتووە: "نەوتی خاوی كوردستان بە داشكاندنێكی بەرچاو دەفرۆشرێت و خەریكە كڕیاری زۆر لە هەموو جیهاندا دەدۆزێتەوە و چین وەك یەكێك لە گەورەترین كڕیارانی نەوت لەو كڕیارانە جیاواز نییە. بڕوام وایە كە بەمزووانە رێككەوتنێك دەكرێت بۆ ئەوەی پاڵاوگەكانی چین نەوتی خاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكڕن." لە مانگی پێنجەوە كوردستان زیاد لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردەی بازاڕە جیهانییەكان كردووە. لە مانگی رابردووەوە تا ئێستا سێ كەشتی نەوتهەڵگری كوردستان روویان كردووەتە ئاوەكانی ئاسیا و كەشتییەكی دیكە نەوتەكەی لە نزیكی گەرووی سینگاپور گواستووەتەوە بۆ كەشتییەكی زەبەلاحی نەوتی. كەشتی نەوتی "ئاڵتیمەت فریدام" بە یەك ملیۆن نەوتی كوردستانەوە ئەم هەفتەیە نەوتەكەی گواستەوە بۆ كەشتییەكی دیكە لە نزیكی گەرووی سینگاپور لە ئاوەكانی مالیزیا. دوو كەشتی دیكەی نەوتی كوردستان (یونایتد داینامیك و یونایتد ئێمبلێم) لە كەناڵی سوێس تێپەڕیوە و بەرەو ئاسیا بەڕێوەن. دوو كۆمپانیای گەورەی نەوتی چینی كە لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دەكرێن، لە سەدا 20% پرۆژە نەوتییەكانی عێراق جێبەجێدەكەن ئەگەرچی چین لە باشووری كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سینۆپێك پرۆژەی نەوتی هەیە. رۆیتەرز دەڵێت ئەگەر بێت و كوردستان بتوانێت چین رازی بكات، كە ببێت بە كڕیاری نەوتەكە، ئەوە دڵنیایی زیاتر دەدات بە وڵاتان و كۆمپانیاكانی دیكە كە دەیانەوێت نەوتی كوردستان بكڕن. بە وتەی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریكا ساڵی 2013 هەموو جیهان رۆژانە 90.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەكارهێناوە، كە لەو رێژەیە ئەمریكا زۆرترین ئاستی هەبووەو رۆژانە 18.8 ملیۆن بەرمیلی بەكارهێناوە و چین دووەم وڵات بووەو رۆژانە 10.1 ملیۆن بەرمیلی بەكارهێناوە. ساڵی 2013 ئەمریكا رۆژانە 18.99 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەكارهێناوە و لەدوای ئەمریكا، چین رۆژانە 10.76 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەكارهێناوە.
تەندروستی26-10-2026ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: بەهۆکاری سیاسی رێگری لە هێنانی سێ ئامێری پزیشکی بۆ کۆیە دەکرێت