رووداو- هەولێر
نەوت تەنیا لە نێوان باشووری كوردستان و حكومەتی ناوەندیی عێراقدا سەرچاوەی كێشە نییە، بەڵكو لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلاندیش كە رۆژی پێنجشەممە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێ، نەوت رۆڵێكی سەرەكی دەبینێ.
ساڵی 2012 نەوتی دەریای باكووری سكۆتلاند 67%ی پێداویستی نەوت و 53%ی پێداویستی گازی هەموو بەریتانیای دابین كردبوو. شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا ئێستا نزیكەی 1.45 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرهەم دەهێنێت كە زۆربەی ئەو نەوتە لە دەریای باكووری نزیكی سكۆتلاندەوە دێت و ئەگەر ئەو هەرێمە دوای 307 ساڵ یەكگرتن لەگەڵ بەریتانیا جیاببێتەوە، ئەوە دەبێتە خاوەنی ئەو نەوتە یەدەگە زەبەلاحەی ژێر دەریای باكوور.
كەرتی نەوت بۆ ئابووریی بەریتانیا گرنگە و بە گوتەی تۆڕی هەواڵی BBC، نزیكەی 450 هەزار كەس لەو كەرتەدا كار دەكەن. لە ساڵی دارایی 2012 بۆ 2013 باجی كەرتی نەوت گەیشتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار و كۆی گشتی داهاتی ئەو كەرتە بۆ ئابووریی بەریتانیا گەیشتە 25 ملیار دۆلار.
سیاسەتمەدارە نەتەوەییەكان كە لایەنگری جیابوونەوەی سكۆتلاندن لە بەریتانیا، دەڵێن سكۆتلاند سوودی پێویست وەرناگرێت لەو هەموو داهاتەی كە نەوتەكەیان دەیبەخشێتە بەریتانیا.
ئێستا ئەلێكس سالمۆند، سەرۆكی پارتی نیشتیمانی سكۆتلاند و وەزیری یەكەم كە هاوتای سەرۆك وەزیرانە و رێبەرایەتی "دەنگی بەڵێ" دەكات بۆ ئەوەی سكۆتلاند لە بەریتانیا جیابێتەوە، دەڵێت ئەگەر سەركەوتوو بێت لە كەمپینی جیابوونەوەی سكۆتلاند، ئەوە ئەو باجە زۆرەی نەوتی دەریای باكوور دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیانی سكۆتلاندی سەربەخۆ.
بەریتانیا لە 40 ساڵی رابردوودا 42 ملیار بەرمیل نەوتی لە دەریای باكوور بەرهەمهێناوە و بەپێی خەمڵاندنێكی مانگی شوباتی ئەمساڵ لە لایەن كۆمپانیای (جۆن وود گرووپ PLC) لە 12 بۆ 24 ملیار بەرمیل نەوت لەو دەریایەدا ماوە.
ئەلێكس سالمۆند كە خۆی ئابووریناسێكی نەوتە، دەڵێت هێشتا 24 ملیار بەرمیل نەوتی هاوتا (یەدەگی نەوت و گاز بەیەكەوە) لە دەریای باكووردا ماوەو دەتوانرێت دەربهێنرێت. ئەگەر نرخی نەوت لە 100 دۆلاردا بۆ هەر بەرمیلێك بمێنێتەوە، ئەوا كۆی ئەو داهاتە دەگاتە نزیكەی (1.5 تریلیۆن پاوەن) 2.4 تریلیۆن دۆلار.
ئەگەر كەرتی نەوت و گاز لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا داهاتی هەر تاكە كەسێك لە سكۆتلاند 42611 دۆلارە لە كاتێكدا داهاتی تاكەكەسێك لە بەریتانیا بەبێ سكۆتلاند تەنیا 36019 دۆلارە.
بەڵام ئیەن وود كە بە ناودارترین كەسی سكۆتلاند دادەنرێت لە كەرتی نەوتی ژێر ئاو، دەڵێت ئەلێكس سالمۆند بە مەبەستی سیاسی بڕی یەدەگی نەوتی سكۆتلاندی 60% زیاد كردووە و ئەو بڕە یەدەگەی نەوت كە دەتوانرێت لە دەریای باكووری بەشی سكۆتلاندە دەربهێنرێت، تەنیا 15 تاوەكو 16.5 ملیار بەرمیل نەوتی هاوتایە.
ئیەن وود دەڵێت كە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت تا 2050 زۆر كەم دەكات و لەوانەیە بگاتە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
بەریتانیا زیاتر لە 40 ساڵە خەریكە لە دەریای باكووری نزیكی سكۆتلاند نەوت بەرهەم دەهێنێت و لە 10 ساڵی رابردوودا رێژەی بەرهەمهێنان زۆر دابەزیوە. بەپێی سایتی "Oil & Gas Uk" كە نوێنەری سەرەكی كەرتی نەوت و گازی ناو دەریایە، ساڵی 1999 كە زۆرترین بەهەمهێنانی هەبووە لە دەریای باكوور، نزیكی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوتا (نەوت و گاز) بەرهەمهاتووە، بەڵام ئەو بڕە لە 2013 دابەزیوە و گەیشتووەتە 1.45 ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوتا (كۆی بەرهەمی نەوت و گاز).
ئەگەرچی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەیڤید كامیرۆن و كۆمپانیا جیهانییەكانی كەرتی وزە وەك بریتیش پیترۆلیۆم و شێڵ كە لە 1970وە لە دەریای باكووری سكۆتلاند كاردەكەن، داوایان لە دەنگدەران كردووە كە ئەو ریفراندۆمە رەتبكەنەوە و لەگەڵ بەریتانیا بمێننەوە، بەڵام سیاسییە نەتەوەییەكانی سكۆتلاند سوورن لەسەر جیابوونەوە.
ئەلێكس سالمۆند دەڵێت ئەگەر وڵاتەكەی سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرت، ئەوا سندووقێكی دارایی هاوشێوەی ئەوەی نەرویج دادەمەزرێ كە داهات و باجی كەرتی نەوت و گازی تێدا دادەنرێت بۆ ئەوەی لە كاتی پێویستدا یارمەتی ئابووریی وڵاتەكەی بدات.
حكومەتی نەرویج بە پشتبەستن بە داهاتی نەوت و گاز، ساڵی 1990 سندووقێكی سەربەخۆی دامەزراند كە تاوەكو ساڵی رابردوو 785 ملیار دۆلاری تێدا بووە وەك بیمەیەك بۆ هاووڵاتیانی.
ئەگەرچی دیار نییە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلاند چی دەبێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە كە نەوت و گاز رۆڵی سەرەكی دەبینن لەو پرسەدا.



