رووداو دیجیتاڵ
هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوتی برێنتی گەیاندە نزیکەی 70 دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە رێژەی 0.40% بەرزبووەوە و گەیشتە 69.81 دۆلار، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 0.42% بەرزبووەوە و بە 67.81 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە ئەو هێرشە درۆنیانەیە کە چوار رۆژە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی راگرتنی نزیکەی نیوەی بەرهەمهێنانی نەوت. ئەم هێرشانە رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوتیان یەک دۆلار بەرزکردەوە.
دوو بەرپرسی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیکەی 280 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ نێوان 140 بۆ 150 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە میلیشیا نزیکەکانی ئێران لە پشت هێرشەکانەوە بن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە.
لەگەڵ هێرشەکان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دوای دوو ساڵ راگرتن، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە. ئەمە وایکردووە ترس لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت دروست ببێت.
خواستی زۆر لە وەرزی هاوین لەسەر سووتەمەنی پاڵپشتییەکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە. شرۆڤەکارانی بانکی "جەی پی مۆرگان" دەڵێن، خواستی جیهان لەسەر نەوت لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی تەممووزدا گەیشتووەتە 105.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە 600 هەزار بەرمیل زیاترە لە هەمان کاتی ساڵی رابردوو.
لە لایەکی دیکەوە، ئان فام، شرۆڤەکاری دامەزراوەی"LSEG" دەڵێت: "نرخی نەوت ئەم هەفتەیە تاڕادەیەک جێگیر بووە، چونکە کاریگەریی زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئۆپێک پڵەس لەلایەن خواستی بەهێزی وەرزییەوە لە ئەمریکا قەرەبوو کراوەتەوە."
هەرچەندە نیگەرانییەکان لەسەر سیاسەتی پێناسی ئەمریکا و پلانی وڵاتانی بەرهەمهێنەر بۆ زیادکردنی بەرهەم لە داهاتوودا گوشاریان لەسەر بازاڕ دروستکردووە، بەڵام شرۆڤەکارانی کۆمپانیای "ING" پێیانوایە کاریگەرییەکەی بازاڕی نەوت لەم چارەکەی ساڵدا سنووردار دەمێنێتەوە.



