زێڕ، چاوەکان دەباتەوە سەر ئەمریکا

18-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە چاوەکان دەچنەوە سەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کە بە بڕیار و پێشبینییەکانی، ئەگەر هەیە ئاراستەی بەرز و نزمیی بازاڕەکان لە مەودای کورتخایەندا بنەخشێنێت، دیارترینیشیان زێڕە.
 
رۆژی چوارشەممە 20ـی ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی رێژەی سوودی بانکیی وڵاتەکەیەوە دەدات. رێژەکە ئێستا لەنێوان 5.25٪ بۆ 5.50٪ـە کە بەرزترین ئاستە لە 23 ساڵی رابردوودا. 
 
بە ئەگەرێکی زۆرەوە، بانکەکە لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا (کاژێر 9ـی شەوی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) دەڵێت، رێژەکە دەستکاری نەکرا، بەڵام ئەوەی بازاڕ ئاراستە دەکات، دەرکەوتنی جیرۆم پاوڵ و ئەو وشانەیە کە نیو کاژێر دواتر لە زاری دێنە دەرەوە.
 
چی روویدا؟
 
هێشتا کاریگەرییە ئابوورییەکانی کۆرۆنا نەڕەویبوونەوە، کاتێک لە سەرەتای 2022ـدا رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا.
 
هێرشەکە هەر زوو کاریگەریی لەسەر ئابووریی رۆژئاوا دانا؛ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی هێرشەکە، هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 9.1٪؛ ئاستێک کە لە 40 ساڵی پێشتردا نەبینرابوو.
 
ئەمریکا پێش ئەوکاتە کەوتبووەخۆ و دەستی بە زیادکردنی سوودی بانکی کرد؛ لە ئاداری ئەو ساڵەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە.
 
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵا کەمدەبێتەوە، لەئەنجامدا نرخی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، ئەوەش هەڵاوسان کەمدەکاتەوە.
 
"چارەسەرە کیمیاییەکە"
 
لەنێو ناوەندە ئابوورییەکاندا دەگوترێت "ئەگەر هەڵاوسان شێرپەنجە بێت، سوودی بانکی چارەسەرە کیمیاییەکەیەتی." ئەمە ساڵی رابردوو زۆر بە روونی لە ئەمریکا بۆ هەمووان دەرکەوت.
 
لەکاتێکدا زۆرێک پێیانوابوو سستیی ئابووری ئیدی بەرۆکی ئەمریکا دەگرێت، بەڵام بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان، هەڵاوسان لە ئەمریکا دابەزی.
 
چارەسەرە کیمیاییەکە کاری خۆی کرد؛ هەڵاوسان لە کۆتایی 2023ـدا بۆ 3.4٪ دابەزیبوو؛ ئابووری گەڕایەوە سەر رێگەی راست و 2.5٪ گەشەی کرد، بێکارییش خەریکە روو لە بەرزبوونەوە دەکات و لە دوایین ئاماردا، گەیشتووەتە 3.9٪.
 
لە سێوە بۆ دوو؟
 
زۆر بە سادەیی؛ ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان 2٪ بێت، بەڵام بەهۆی ئاڵنگاریی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا، هێشتا لە خەونەی دوورە و دیاریش نییە کەی دەیگاتێ.
 
سێشەممە 12-3-2024، وەزارەتی کاری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا لەسەر ئاستی ساڵانە، هەڵاوسان بۆ 3.2٪ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی پێشتردا 3.1٪ بوو.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، شارەزایان و ناوەندە ئابوورییەکان پێشبینییان دەکرد لە ئاداری ئەمساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکات، بەڵام هەڵاوسان لە 3.1٪ لە تشرینی دووەمەوە بۆ 3.4٪ لە کانوونی یەکەمی 2023 بەرزبووەوە.
 
ئەمە پاشەکشەی بە پێشبینییەکان کرد؛ شارەزایان و ناوەندەکان پێشبینییەکان لە ئادارەوە بردە حوزەیرانی ئەمساڵ، بەڵام ئەم وادەیەش هێشتا جێی لەقە.
 
ئەمە وایکردووە، ترسی هەبێت لەبری سێ جار کە پێشتر پێشبینی دەکرا، ئەمساڵ ئەمریکا تەنیا دوو جار سوودی بانکی کەمبکاتەوە.
 
میشێل پوگلیێس، ئابووریناسی باڵا لە دامەزراوەی 'وێڵس فارگۆ' بۆ خزمەتگوزاریی دارایی دەڵێت، "رەوتی دابەزینی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی دامەزراندن بە هەمان خێرایی چەند مانگی رابردوو جووڵە ناکەن، بۆیە ئەوانیش (سیاسەتداڕێژەرانی بانکی ناوەندی) ئاسۆی سیاسەتەکانیان بەپێی ئەوە دەگونجێنن."
 
میشێل دەڵێت، دامەزراوەکەیان هێشتا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئەمساڵ سێ جار رێژەی سوودی بانکی کەمدەکاتەوە، بەڵام پێشتر پێشبینیی چوار جاریان دەکرد.
 
شارەزاتان دان بەوەدا دەنێن کە لە رۆژی چوارشەممەدا، ئەگەری زیاترە سیاسەتداڕێژەران پێشبینییەکان بۆ جارەکانی کەمکردنەوەی سوودی بانکی کەمبکەنەوە وەک لە زیادکردنی.
 
لیدیا بۆشۆر، ئابووریناسی باڵا لە دامەزراوەی 'ئی وای' بۆ خزمەتگوزاریی دارایی دەڵێت، "بەجیدی پێمانوایە ئەو مەترسییە هەیە کە لەبری سێ، دوو جار سوودی بانکی کەمبکرێتەوە".
 
لیدیا دەڵێت، "لە ئامارەکانی هەڵاوساندا ژاوەژاوی زۆر و بەرزبوونەوەی لەناکاومان بەدی کردووە، بۆیە رەنگە بەرپرسانێک لەنێو بانکی ناوەندیی ئەمریکا گرتنەبەری هەڵوێستێکی کەمێک تووندتریان هەبێت".
 
"رێڕەوێکی ناڕوون"
 
لە هەفتەکانی رابردوودا، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، لە سەروو هەمووشیانەوە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە، هۆشدارییان داوە لەوەی ئەوان هەڵپەی کەمکردنەوەی خێرای سوودی بانکییان نییە، بەڵکوو رێڕەوێکی "پشتئەستوور بە داتا"ـیان گرتووەتەبەر.
 
سەرەتای ئەم مانگە پاوڵ لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی گوتی، "ئاسۆی ئابووری ناڕوونە، پێشڤەچوونی بەردەوامیش لە دابەزینی هەڵاوسان بۆ ئامانجی 2٪ـمان زامننەکراوە".
 
پاوڵ سەرەڕای ئەو قسانەش، نیمچەیی دڵنیاییەکی دا بە وەبەرهێنەران و گوتی، هێشتا پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لەمساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکەن.
 
بەپێی شارەزایانی گرووپی CME کە تایبەتە بە خزمەتگوزاریی دارایی و هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بە ئەگەری 55٪، بانکەکە لە 12ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا سندووقە رەشەکە دەکاتەوە و دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات.
 
کاسی بۆستیانسیس، ئابووریناس لە دامەزراوەی 'نەیشنواید' دەڵێت، "پێمانوابوو لە ئایاردا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکرێت؛ پاشان چووینە سەر حوزەیران؛ ئەگەر لە حوزەیرانیش نەبێت، لە تەمموزدا کەمدەکرێتەوە.
 
ئەی زێڕ؟
 
پێنجشەممە، 7-3-2024، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە نزیکەی 2 هەزار و 200 دۆلار، کە بەرزترین ئاستی مێژوویی بوو.
 
پێشبینییەکان بە شلکردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا و کەمکردنەوەی رێژەی سوود، پاڵنەری سەرەکیی پشت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن، هاوکات ئێستاش بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و پاشەکشەی پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوود، پاڵنەریەتی بۆ دابەزین کە هاتووەتە سەر 2 هەزار و 155 دۆلار.
 
ئەوەی زۆرینەی شارەزایان و ناوەندە ئابوورییەکان لەسەری کۆکن، بەرزبوونەوەی بەرچاوی زێڕە لە ئەمساڵدا هەرکاتێک ئامار یان لێدوانێک کاتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی یەکلایی بکاتەوە.
 
ئەوەی شارەزایان لەسەری ناکۆکن ئەو نرخەیە کە دەکرێت زێڕ پێی بگات؛ بانکی جەی پی مۆرگان دەڵێت 2 هەزار و 500 و، بانکی ANZـیش دەڵێت، 2 هەزار و 300.
 
کامیان راست دەکات و [ئەگەر هەرکامێکیان راست بکەن] کەی ئەو بەرزبوونەوە چاوەڕوانکراوەی زێڕ، پێنوێنە داراییەکان و دراوەکانی دژی دۆلار روودەدات، بەندە بە کاتەوە؛ ئەگەر ئەم هەفتەیە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا تیشکی نەخاتە سەر، ئەوا تاوەکو ناوەڕاستی ئایار دەرفەتی نابێت راشکاوانە یەکلایی بکاتەوە و تاوەکو ئەوکاتەش، ئامارەکان جووڵە بە بازاڕەکان دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە