زیاتر لە 50%ی کارگەکانی هەرێمی کوردستان داخراون

18-02-2021
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن کارگە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوی 10 ساڵ هاورده‌كردنی سیم و لیفكه‌ی قاپشۆرین له‌ چین و ئیران، لوقمان بڕیاری دامه‌زراندنی كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی پێویستییه‌کانی کابانی ماڵ‌ ده‌دات، ‌ئێستا ئه‌و له ‌هاورده‌كاره‌وه‌ بووەته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و رۆژانه‌ 20 هه‌زار سیم و لیفكه‌ له ‌كارگه‌كه‌ی به‌رهه‌مدێنێت و له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و موسڵ و كه‌ركووك ساخی دەکاتەوە.
 
سیم و لیفكه‌ی قاپشۆرین، كه ‌پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی ماڵ و چیشتخانه‌كانه‌، هەرچەندە له ‌كه‌ره‌سته‌ی زۆر ساده‌ دروست ده‌كرێن و كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانیان پێویستی به ‌سه‌رمایه‌ی زۆر نییه‌، به‌ڵام تاوه‌كو دامه‌زراندنی كارگه‌كه‌‌ی لوقمان، بۆ ئه‌و پێویستییه‌ پشت به‌ به‌رهه‌می كارگه‌كانی چین، ئێران و توركیا و وڵاتانی دیكه‌ به‌ستراوه‌. ‌‌ 
 
لوقمان حه‌سه‌ن بابه‌كر، ده‌ڵێت: "سیم و لیفكه‌ و ئیسفەنجی قاپ شووشتن، خواستێكی زۆریان له‌سه‌ره. به‌پێی به‌دواداچوونی ئێمه‌ رۆژانه‌ زیاتر له ‌100 هه‌زار پارچه‌ی لێده‌فرۆشرێت، پێشتر 100%ی ئه‌و پێویستییه‌ هاورده‌ ده‌كرا، به‌ڵام ئێمه‌ له ‌رێگه‌ی دامه‌زراندنی كارگه‌یه‌ك توانیمان‌ 20%ی له‌ناو‌خۆدا دابین بكه‌ین".  
 
به‌گوته‌ی ئه‌م بازرگانه‌ ژماره‌یه‌ك بازرگان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هاورده‌كردنی ئه‌م پێویستیانه‌‌ خه‌ریكن و ساڵانه‌ بۆ هاورده‌كردنیان ملیۆنان دۆلار ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. 
 
لوقمان حه‌سه‌ن، ده‌ڵێت: "پێشتر ساڵانه‌ ته‌نیا من 13 تاوه‌كو 15 ترێله‌ سیم و لیفكه‌م له‌ چین هاورده‌ ده‌كرد، كه ‌نرخی هه‌ر ترێله‌یه‌كی به ‌كڕین و كرێی گواستنه‌وه‌ زیاتر له ‌150 هه‌زار دۆلار ده‌كه‌وت".
 
لوقمان بۆ هاوردەکردنی ئەو کەرستانە خۆی سەردانی کارگەکانی چینی دەکرد، بیری لەوە کردەوە کارگەیەک لە کوردستان دابمەزرێنێت. ساڵی رابردوو کارگەیەکی بە سەرمایەی 100 هەزار دۆلار دامەزراند.
 
لوقمان، له‌رێگه‌ی كارگه‌كه‌یه‌وه‌ هەلی كاری بۆ 7 كرێكار ره‌خساندووه‌‌، به‌گوته‌ی خۆشی 35%ی ئه‌و پاره‌یەی‌ پێشتر له‌ كڕین و گواستنه‌وه‌ی كاڵاكه‌ له ‌چین بۆ كوردستان خه‌رجی ده‌كرد، ئێستا وه‌ك داهات بۆی گه‌راوه‌ته‌وه‌.
 
به‌پێی ئامارێك، كه ‌له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازیی پارێزگاكان دراوەته‌ تۆڕی میدیایی رووداو، ساڵی رابردوو سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كه‌رەنتین و قه‌یرانی دارایی، 172 كارگه‌ی تازه له‌ هه‌رێمی كوردستان دامەزراون (97 کارگە له ‌هه‌ولێر، 54 له‌ سلێمانی و 21‌ کارگەش لە دهۆك).
 
ئه‌ندازیار مسته‌فا زوبێر، به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری و سه‌رپه‌رشتیاری كارگه‌كان له ‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی، ده‌ڵێت: "دامەزراندنی 172 کارگە لە ساڵی رابردوو لە کاتێکدا ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و قەیرانی ئابووریش بەردەوامبووە، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئابووری و كه‌رتی پیشه‌سازی له‌‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای قه‌یران و ئاسته‌نگه‌كان له‌گه‌شه‌دایه‌".
 
زیاتر لە 50%ی کارگەکان داخراون
 
ژماره‌ی ئه‌و كارگه‌كانه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازیی پارێزگاكان مۆڵه‌تیان دراوەتێ، له ‌كۆتایی 2020 گه‌یشتوووه‌تە 3,943 كارگه‌: (2567 كارگه‌ له‌ هه‌ولێر، 1009 كارگه‌ سلێمانی و367 كارگەش‌ له ‌دهۆك)، به‌ڵام له‌م ژماره‌یه‌دا ته‌نیا 1905 كارگه‌یان له‌كاردان، كه ‌ده‌كاته‌ 48.3% كۆی كارگه‌ دامه‌زراوه‌كان، 2038 كارگه‌ش داخراون‌ كه‌ ده‌كاته 51.7%ی كارگه‌كان.
 
به‌پێی داتاكان له‌ هه‌ولێر 55.8%، له ‌سلێمانی 44.6% و له‌ دهۆك 42.2%ی كارگه‌كان به‌هۆكاری جیاواز داخراون.
 
وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی به ‌سوودوه‌رگرتن له‌ ستانداردی جیهانی پۆلێنبه‌ندی بۆ جۆری كارگه‌كان كردووه‌ به‌سه‌ر چەند جۆرێک دابه‌شی كردوون‌ لەوانە: ‌كارگه‌ی ‌بیناسازی، ئامێر، خۆراكی، كارەبایی، فلزی، نافلزی، رستن و چنین.
 
به‌پێی داتاكان ئه‌و 172 كارگه‌ی ساڵی رابردوو مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ بریتین له ‌10 كارگه‌ی بیناسازی، 1 كارگه‌ی ئامێر و، 56 كارگه‌ی خۆراكی، 5 كارگه‌ی كاره‌بایی، 77 كارگه‌ی نافلزی، 21 كارگه‌ی فلزی، دوو كارگه‌ی رستن و چنین. 
  
ئه‌ندازیار مسته‌فا زوبێر، ده‌ڵێت: "خواستی بازاڕ رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه‌ بۆ ئاراسته‌ی جۆری كارگه‌كان، بۆ نمونه‌ زیاتر خواست له‌سه‌ر دامه‌زراندنی كارگه‌ی نافلزیه‌ كه ‌‌زۆر ‌جۆر له‌خۆده‌گرت له‌ناو نافلزییه‌كانیش زیاتر خواست له‌سه‌ر كارگه‌كانی پاكکه‌ره‌وه‌ و پلاستیك و ریسایكلینه‌".
 
ئه‌م كارگانه‌ی ساڵی رابردوو دامه‌زراون زیاتر كارگه‌ی بچووك و مامناوه‌ند بوونه‌ كارگه‌ی گه‌وره‌یان كه‌م تێدا بووه‌.
 
مسته‌فا زوبیر، ده‌ڵێت: "مۆڵه‌ت بۆ دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌ك كارگه‌ی گه‌وره‌ پێشكه‌ش كراوه‌، ئه‌گه‌ر گرفتی سیاسی و ئابووری له ‌ناوچه‌كه‌ روونه‌دات، پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌ك كارگه‌ی گه‌وره‌ دابمه‌زرێن". گوتیشی: "90%ی سه‌رمایه‌ی کارگە دامەزراوەکانی ساڵی رابردوو، سەرمایەی خۆماڵی بووە‌".
 
به‌پێی ئاماره‌كان 1009 كارگه‌ مۆڵه‌تیان لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی ‌پارێزگای سلێمانی هەیە، له‌م ژماره‌یه‌ 559 كارگه‌یان له‌كاردان و 450 كارگه‌ش داخراون، ساڵی رابردووش 54 كارگه‌ لەو پارێزگایە دامه‌زراون: (‌33 كارگه‌ی نافلزی، 14 كارگه‌ی خۆراكی، سێ كارگه‌ی فلزی، 2 كارگه‌ی بیناسازی و 2 كارگه‌ی كاغه‌ز).
 
محه‌ممه‌د جه‌بار، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی سلێمانی، ده‌ڵێت له‌ سلێمانی جگه‌ له‌ كارگه‌ی خۆراك: "‌ئێستا زیاتر خواست له‌سه‌ر دامه‌زراندنی كارگه‌ی نافلزی هەیە‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌نارده‌ دەکرێت به‌ تایبه‌ت بۆ وڵاتانی ئه‌فه‌ریقی، هه‌روه‌ها خواست له‌سه‌ر كارگه‌ی پلاستیكی و پی ڤی سی و ساندویچ په‌ناڵ هه‌یه‌، زۆربەی به‌رهه‌مه‌كه‌ش هه‌نارده‌ی شاره‌كانی عێراق ده‌كرێت". 
 
به‌پێی داتاكان داواكاری بۆ دامه‌زراندنی كارگه‌ له ‌پارێزگای سلێمانی به‌راورد به‌ هه‌ولێر كه‌متره‌، بۆ نمونه‌ له‌ دوو ساڵی رابردوودا له‌ هه‌ولێر‌185 كارگه‌ دامەزراون‌، به‌ڵام له‌ سلێمانی له‌هه‌مان ماوه‌دا ته‌نیا ‌99 كارگه‌ دامەزراون‌. 
 
محه‌ممه‌د جه‌بار، ده‌ڵێت: "له ‌سلێمانیش داواكاری زۆر بۆ دامه‌زراندنی كارگه‌ هه‌یه،‌ به‌ڵام‌ گرفتی زه‌ویمان هەیە‌، داوامان له ‌سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سلێمانی كردووه‌ زەویمان بدەنێ بۆ دامەزراندنی کارگە، ئەوان دەڵێن‌ زه‌وییه‌كانی خۆتانمان له‌ناو شار بده‌نێ، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار زه‌ویتان دەدەینێ، گرفتی دیكه‌مان نەبوونی خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ ناوچە پیشەسازییەکان".
 
بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفتی زه‌وی بۆ کارگەکان، وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی 11 شاری پیشه‌سازی له ‌پارێزگا و شارۆچكه‌كان پێشنیازكردووە، به‌ڵام تائێستا وه‌ك پێویست كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
 
مسته‌فا زوبیر، ده‌ڵێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تائێستا شاری پیشه‌سازی مۆدێرنمان نییه بۆیه‌ گرفتی كه‌می دابینكردنی زه‌ویمان بۆ كارگه ‌و پرۆژه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م 11 شاره‌ پیشه‌سازییه‌ قۆناخ به ‌قۆناخ بخرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە ئه‌م گرفته‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت".
 
دامەزراندنی کارگە بە سەرمایەی بیانی
 
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، كۆمپانیا بیانییەكان 23 پرۆژەیان بە سەرمایەی 3 ملیار و 407 ملیۆن دۆلار لە سێكتەری پیشەسازیی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
 
جگە لە پرۆژەكانی دەستەی وەبەرهێنان بە سوود وەرگرتن لە یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی، ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی لقی كۆمیانیاكانیان لەهەرێمی كودستان كردووەتەوە و كارگەیان دامەزاندووە، بۆ نمونە تەنیا لە هەولێر 20 كارگەی پیشەسازی بە سەرمایەی بیانی دامەزراوە، کە حەوت کارگەیان تورکین، چواریان ئێرانین، سێیان لوبنانین، دووانیان ئوستراڵین. دووانیان سوورین، یەکێکیان چینییە و یەکێکیشیان کۆرییە.
 
ئەندازیار مستەفا زوبێر، دەڵێت: "زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاڵاكانیان بازاڕی هەیە، پێیانوایە عێراق و هەرێمی كوردستان پێگەیەكی ستراتیژییە بۆ بە بازاڕكردنی كاڵا و بەرهەمەکانیان بە كەمترین نرخ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێگەیەكی خێراشە بۆ گەیاندنی كاڵا و بەرهەم لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات، بۆیە پەیتا پەیتا روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ كردنەوەی لقی كۆمپانیاكانیان و دامەزراندنی كارگە".
 
بە گوتەی مستەفا زوبێر زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ دامەزراندنی كارگە لە جیاتی عێراق، هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێرن، چونكە لە كوردستان ئاسانكاری زیاتریان بۆ دەكرێت، بە سوودوەرگرتنیش لە یاسای ژمارە 20ی ساڵی 1998ی گەشەپێدانی پیشەسازی، دەتوانن بەبێ دانی باج لە هەموو عێراق بەرهەمەكانیان بە بازاڕ بكەن و بە سوودوەرگرتن لە یاسا و رێنماییەكانی عێراقیش دەتوانن كەرەستەی خاو بە بەخشینی رەسمی گومرگی لە هەموو جیهان هاوردە بكەن و بەرهەمە زیادەكانیان بە بەخشینی گومرگی هەناردە بکەن".
 
مستەفا زوبێر، نموونە بە گرووپی كۆمپانیاكانی هنكلی ئەڵمانی دەهێنێتەوە دەڵێت: "گرووپی كۆمپانیاكانی هنكلی ئەلمانی كە لەبواری پاکكەرەوە كاردەكەن و زۆربەی شامپۆ بەناوبانگەكانی جیهان بەرهەمی ئەوانە، پێشتر كارگەیەکیان لە لوبنان دامەزراندبوو، ئێستا کارگەکەیان گواستووەتەوە بۆ کوردستان".
 
ئەندازیار مستەفا زوبێر، گوتی "كۆمپانیای دیكە زۆرن لە بوارەكانی پلاستیك و خۆراك و شیرەمەنی كاردەكەن بۆ نمونە كۆمپانیای صافی سعودی لەگەڵ كۆمپانیای دەنونی فەرەنسی لەكوردستان كارگەیەكیان لە بواری شیرمەنی داناوە ئێستا قۆناخی یەكەمی كارگەكە تەواو بووە بەرهەمەكانیان لەعێراق و هەرێمی كوردستان بە بازاڕ دەكەن، هەروەها جبسی لەیزی كە ماركەیەكی جیهانییە پێشتر لە میسر، سعودیە و توركیا كارگەیان هەبوو ئێستا لە كوردستان كارگەیەكیان لە سلێمانی دامەزراندووە". 
 
كارگەی هیلال بۆ بەرهەمهێنانی خشتی سوور، كارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی خشتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كارگەكە لەلایەن سەرمایەدارێكی ئوردنی لە سنووری گوندی بیستانەی سەر بەناحیەی قوشتەپەی شاری هەولێر دامەزراوە، لە ساڵی 2015ەوە کاردەکات و رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 600 هەزار خشتی سووری هەیە، ئێستا بە وزەی 50% كاردەكات و 95%ی بەرهەمەكانی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكات. 
 
سەیف سەنقرات، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كارگەی خشتی هیلال، دەڵێت: "ئارامی و ئاسانكاری و بەرزی كوالێتی ژیان لە كوردستان و بوونی كەرەستەی خاو و بازاڕ هۆكاری سەرەكی بوو كە وایكرد وەبەرهێنان لە هەرێمی كودستان بکەین". 
 
گەورەترین گرفتی سەیف کە بە گوتەی خۆی گرفتی وەبەرهێنەرەکانی دیکەشە، بەرزی نرخی كرێی كارەبا و نرخی نەوتە، چونكە بەراورد بە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر نرخی كارەبا و نەوت لە كوردستان بەرزە ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنان زیاد دەكات، بۆیە ناتوانین بەرهەمەكانیان هەناردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن.
 
سەرمایەدارێكی باکووری کوردستان بەهاوبەشی لەگەڵ سەرمایەدارێكی سعودی لە ساڵی 2014 كۆمپانیایەكیان بۆ بەرهەمهێنانی زەیتی گوڵەبەرۆژە لە هەولێر دامەزراندووە، کە سەرمایەکەی 25 ملیۆن دۆلارە. كۆمپانیاكە كەرەستەی خاو لە رووسیا و ئوكرانیا دەهێنێت، وزەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی 500 هەزار لترە، بەڵام ئێستا بە وزەیەكی زۆر كەم كاردەكات و بەرهەمەكەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەفرۆشرێت.  
 
شوان موسا، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیا خەیرات شەرق، دەڵێت: "زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان كاتێك لە هەرێمی كوردستان كارگە دادەمەزرێنن ئامانجیان بازاڕی عێراقە، چونكە عێراق لەرووی بەرهەمهێنانی هەموو كاڵاكان بەتایبەت بەرهەمە خۆراكییەكان پشت بە هاوردە دەبەستێت، بۆیە عێراق بازاڕێکی گەورەیە بۆ ساخكردنەوی بەرهەم". 
 
ئەو جگە لەوەی گلەیی زۆری لە بەرزی نرخی کرێی کارەبا و باج هەیە، هەروەها دەڵێت زەیتی هاوردە ناهێڵێت پیشەسازیی بەرهەمهێنانی زەیت لە کوردستان پێشبکەوێت. بۆ نمونە 33 جۆر زەیت هاوردەی كوردستان دەكرێت کە 27 جۆرییان توركییە ، حكومەتی توركیا بە هەموو جۆرێك هاوكاری كۆمپانیاكان دەكات بۆ ئەوەی بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان قۆرخ بكەن".
 
هەر كۆمپانیایەكی بیانی بیەوێت كارگەیەك لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێت، دەبێت سەرەتا كۆمپانیا دابمەزرێنێت، لە رێگەی كۆمپانیاكەوە كارگەکەی دابمەزرێنتێت، چونكە یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی راستەخۆ رێگە بە وەبەرهێنی بیانی نادات كارگە لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێت.
 
موخلیس سەلیم موراد، بەرێوبەی گشتی یاسایی و كارگێری و دارایی لە دەستەی بەرهێنان، دەڵێت: "ئەو مەرجەی بۆ دامەزراندنی کارگەی بیانی دانراوە، جۆرێکە لە رۆتین، چونكە دامەزراندنی كۆمپانیا كات و تێچووی زۆری پێویستە".
 
سەرمایەداران روو لە دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیی خۆراك دەکەن
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، كە پشتی بەداتای لێژنە مەیدانییەكان و بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پارێزگاكان و دەستەی وەبەرهێنان بەستووە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 111 كارگەی پیشەسازی خۆراك بە سەرمایەی 51 ملیۆن و 60 هەزار دۆلار لە هەرێمی كوردستان دامەزراون. ئێستا 424 كارگەی پیشەسازیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان هەن (234 كارگە لە هەولێر، 120 كارگە لە سلێمانی و 70 كارگەش لە دهۆك).
 
ئەو 111 كارگەیەی دامەزراون 84 كارگەیان قەبارە بچووكن و سەرمایەکەیان 15 ملیۆن و 372 هەزار دۆلارە، 16 كارگەی دیكەیان قەبارە مامناوەندن و سەرمایەکەیان 8 ملیۆن و 294 هەزار دۆلارە، 11 كارگەشیان قەبارە گەورەن و سەرمایەکەیان 27 ملیۆن و 394 هەزار دۆلارە.
 
مستەفا زوبێر، بەڕێوەبەری هونەری و سەرپەشتیاری كارگەكان لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی دەڵێت: "بەهۆی بوونی خواست لەسەر كاڵای خۆماڵی گەشەیەكی بەرچاو لە دامەزراندنی كارگەی پشەسازی خۆراك روویداوە، بە جۆرێك لە ساڵی 2019 نزیكەی 30%ی ئەو كارگانەی لە هەرێمی كوردستان دامەزراون كارگەی پیشەسازیی خۆراك بوون".
 
هەر بەپێی هەمان ئامار 19.4%ی ئەو كارگانەی لە 5 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان دامەزراون كارگەی پشەسازیی خۆراك بوونە.
 
مستەفا زوبێر، دەڵێت :"دامەزراندنی 111 كارگەی پیشەسازیی خۆراك لە ماوەی 5 ساڵدا ژمارەیەكی باشە، بەڵام ئێمە چاومان لە دامەزراندنی كارگەی زیاترە، چونكە ناوچەکەمان كشتوكاڵییە و دەمانەوێت لە رێگەی بە پیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان گەشە بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین و رێگری لە چوونە دەرەوەی پارەی وڵات بۆ هاوردەكردنی كاڵای خۆراكی بكەین". 
 
ئەو كارگە خۆراكیانەی كە دامەزراون، هەمەجۆرن بەشێكیان لە قوتونان و لەكیسكردن، هەویركاری و برژاندنی خۆراكن وەك كارگەی جبس، چەرەزات، پاقلەمەنی، خوێ، زەیت، بەرهەمە شیرەمەییەكان، خواردنەوە گازی و ناگازییەكان و چەندین بەرهەمی دیكە، بە گشتی بەشێك لە كارگە خۆراكییەكان پشت بە بەرهەمی خۆماڵی و بەشێكی دیكەیان پشت بە بەرهەمی هاوردە دەبەستن.
 
مستەفا زوبێر دەڵێت: "بەرهەمی كارگەكانی خۆماڵی لە رووی كواڵێتییەوە بێ گرفتن، چونكە پشت بە ستانداردی عێراقی دەبەستن كە كواڵێتییەكەی بەرزە، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی كارەبا و دەستی كار و كەمی پاڵپشتییەكان و سنوورداری بەرهەمهێنان، ناتوانن زۆر كێبركێی بەرهەمی هاوردە بكەن".  
 
بەپێی داتاكان لە 5 ساڵی رابردوودا پشكی شێری دامەزراندنی كارگە پیشەسازییەكان بەر پارێزگای هەولێر كەوتووە بە جۆرێك لەكۆی 111 كارگەی دامەزراون 86 كارگەیان لە هەولێر دامەزراون. لە سنووری پارێزگای سلێمانیش 18 كارگە و لە دهۆكیش 7 كارگە دامەزراون. 
 
تەیب كەژۆ، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە پارێزگای هەولێر، دەڵێت: "ماوەی سێ ساڵە خواست لەسەر دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیی خۆراك بە رێژەیەكی بەرچاو لە هەولێر زیادیكردووە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو نزیكەی 50 مۆڵەتی دامەزراندنی كارگەمان بەخشیووە 20 مۆڵەتیان بۆ دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیی خۆراك بووە".
 
تەیب كەژۆ، پێیوایە ئەم كارگانە رۆڵێكی باشیان بینیوە بۆ دابینكردنی بەشێك لە پێویستییە خۆراكییەكان و زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی لە بازارەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێكیشان لێ هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێت، چونكە كوالێتیان بەرزە و تارادەیەكیش توانیوانە كێبركێ بەرهەمی هاوردە بكەن.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 1.072 كارگە هەن، لەم ژمارەیە 120 كارگەیان كارگەی پیشەسازیی خۆراكین و 18 كارگەش لەو كارگانە لە 5 ساڵی رابردوو دامەزراون. 
 
محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی، دەڵێت: "دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیی خۆراك لە سنووری پارێزگای سلێمانی وەک پێویست نییە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەبەرهێنەران ترسیان لە ساخنەبوونەوەی بەرهەمەكانیان هەیە، چونكە سنوورەكانی كوردستان لە بەردەم بەرهەمی خۆراكی ئێرانی و توركی كراوەن، تێچووی بەرهەمهێنان لێرە بەرزە چونكە حكومەت پاڵپشتیی كارگەكان ناکات و ئامادەنییە زەوی و كارەبا و ئاو بە نرخی پاڵپشت بۆ سەرمایەداران دابین بكات".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.