حکومەتی عێراق 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

17-09-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ


پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا 2.1 تریلیۆن دینار بۆ سێ مانگی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت."
 
لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاندی هەرێمی کوردستان داوای بڕی 800 ملیار دیناری کردبوو بۆ هەر مانگێک، بەڵام حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا 700 ملیار دینار بنێرێت.
 
لەدوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد؛ بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دابنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
مەسرور بارزانی، هاوکات "هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور و رێککەوتنەکان." 
 
 
هەرێمی کوردستان، بۆ مووچە مانگانە پێویستی بە 920 - 940 ملیار دینارە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش، پشت بە داهاتی نێوخۆ دەبەستێت، کە مانگانە نزیکەی 300 ملیار دینارە.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، "ئەو پارەیە تەنیا بۆ مووچەیە، نەک بۆ خزمەتگوزاریی دیکە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری دارایی عێراق راسپێردراوە بۆ نووسراوکردن بۆ بانکەکانی رەشید و رافیدەین بۆ دابینکردنی پارەکە و چاوەڕوان دەکرێت لە سبەینێوە رێکارەکان دەستپێبکەن و وەزارەتی دارایی نووسراوەکە بکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-09-2023 وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆی کردووە و هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاریی دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.