رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراکەوە رێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی تەممووز لە بەریتانیا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد. وەزیری دارایی ئەو وڵاتەش کە بە رەچەڵەک کوردە دەڵێت: "کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان کاری لەپێشینەمە".
دەزگای ئاماری بەریتانیا رۆژی چوارشەممە 17-08-2022 رایگەیاند، لە مانگی تەممووزدا پێنوێنی نرخەکانی بەکاربەر لەو وڵاتە بۆ 10.1٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا. ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی حوزەیراندا رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا 9.4٪ بووە.
بانکی ناوەندیی بەریتانیا سەرەتای ئەم مانگە هۆشداریی دا لەوەی لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا دەگاتە سەرووی 13٪. پێشبینیشی کرد لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بەریتانیا دووچاری سستیی ئابووریی دەبێتەوە و تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2023 بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئاماری فەرمی هەفتەی رابردوو، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ئابووریی بەریتانیا 0.1٪ پاشەکشەی کردووە.
لە دوای راگەیاندنی ئاماری پاشەکشەی ئابووریی بەریتانیا، نەدیم زەهاوی، وەزیری دارایی بەریتانیا کە بە رەچەڵەک کوردە، رایگەیاند: "لەوە تێدەگەم کاتەکە دژوارە، خەڵکیش نیگەرانن لەبارەی زیادبوونی نرخەکان کە وڵاتانی جیهان دووچاری بوون". زەهاوی گوتیشی، کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان کاری لەپێشینەی دەبێت.
بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان، بانکی ناوەندیی بەریتانیا لە کۆتایی ساڵی 2021ـەوە چەند جارێک نرخی سوودی بانکیی زیادکردووە؛ دوایینیان بە رێژەی 0.50٪ بوو بەر لە چەند هەفتەیەک، کە بەرزترین ئاستی زیادکردنی نرخەکەیە لە دوای ساڵی 1995، بەوەش نرخی سوودی بانکی لەو وڵاتە گەیشتووەتە 1.75٪.
ماتیۆ رایان، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی بازاڕ لە کۆمپانیای ئیبێری بۆ خزمەتگوزاریی دارایی نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئامارەکەی ئەمڕۆ، بانکی ناوەندی دەخاتە دۆخی شڵەژاوی، کە نازانێت چی بکات، چونکە هاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی چەندین دەیەدا، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2023ـشدا ئابووریی دووچاری سستی ببێتەوە".
رایان دەشڵێت: "بە ئەگەری زۆرەوە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا لە مانگی ئەیلوول، بانکی ناوەندی جارێکی دیکە نرخی سوودی بانکی بە رێژەی 0.50٪ زیاد دەکات".
دەزگای ئاماری بەریتانیا دەڵێت، "گەورەترین فاکتەر" بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە مانگی تەممووزدا، نرخی خۆراک بووە.
لە مانگی تەممووزدا لە بەریتانیا نرخی نان و دانەوێڵە بە رێژەی 12.4٪، نرخی شیر و هێلکە بە رێژەی 19.4٪ و نرخی رۆنی شلیش بە رێژەی 23.4٪ بەرزبوونەتەوە.



