رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا 49 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو سزا بدات کە لە "سپیکردنەوەی پارە تێوەگلاون". هۆشداریش دەدات لە کۆمپانیای ساختەی فۆرێکس. خاوەن کۆمپانیایەکیش دەڵێت، زۆر لە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە بە ناوی کۆمپانیای دیکە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام کاری فۆرێکس دەکەن.
بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، داوای لە بانکەکان کردووە کە رێگە نەدەن ئەو 49 کۆمپانیایە سزادراوە بچنە نێو کەناڵەکانی حەواڵەی دەرەکییەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداریش دەدات لە بوونی کۆمپانییای وەهمیی بازرگانیی ئەلیکترۆنی، کە پێیدەگوترێت بازاڕە داراییەکان یان فۆرێکس.
بانکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆمپانیای وەهمی هەیە بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی بە پشکەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقیان هەیە، بەڵام بانکەکە رایدەگەیەنێت کە مۆڵەت بەو کۆمپانیایانە نادات کە بازرگانی بە پشك، کانزا و دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دەکەن".
ئاماژە بەوە دەکات کە "هەموو رێوشوێنێکی یاسایی لە دژی ئەو کۆمپانیا وەهمییانە دەگرنەبەر".
بە گوێرەی بانکەکە "هەندێک لە پەڕە و بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی ئەو کۆمپانیا ساختانەیان بڵاوکردووەتەوە کە ناوی بانکی ناوەندی دەقۆزنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆمپانیای بازرگانی ئەلیکترۆنیی فەرمیی عێراقین و مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی بە دراوی دیجیتاڵی، پشک، زێڕ، و نەوت، ئەوەش بە پەخشکردنی ڤیدیۆ و بڵاوکراوەی ساختە و قازانجەکانیش لە ڕێگەی واڵێت [جزدانی ئەلیکترۆنییەوە] دەکێشرێنەوە، یان بەپێی بانگەشەکانی خۆیان، ئەو قازانجانە دەگەیەندرێتە خەڵکی".
بانکی ناوەندیی عێراق دەشڵێت، کۆمپانیایانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لقیان لە پارێزگاکانی کەرکوک، موسڵ، هەولێر و سلێمانی هەیە.
بانکەکە داوا دەکات "قوربانییانی ئەو کۆمپانیا ساختانە رێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەنەوە". داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات پێش هەر مامەڵەیەک و گواستنەوەیەکی پارە، پێداچوونەوە بە ناوی ئەو دامەزراوە داراییانەی دەرەوەی کەرتی بانکی بکەن کە مۆڵەتی رەسمییان پێدراوە و لە ماڵپەڕی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوکراونەتەوە.
کاروان فەتحی، خاوەن کۆمپانیا [برۆکەر]ـی بازاڕە داراییەکان کە هاوکات شارەزایەکی بوارەکەیە بە رووداوی گوت: "ئەو کۆمپانیایانەی لە بازاڕە داراییەکاندا کاردەکەن و وەکو نێوەندگیر [برۆکەر]ـی بوارەکە خۆیان ناساندووە، هیچ یەکێکیان مۆڵەتی فەرمی نە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە حکومەتی فیدراڵییان نییە بۆ کارکردن".
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، "تاوەکو ئێستا لە عێراقدا هیچ یاسایەک نییە تاوەکو لەژێر سێبەری ئەو یاسایەدا هیچ کۆمپانیایەک بتوانێت مۆڵەت لەبانکی ناوەندی عێراق وەربگرێت".
کاروان فەتحی دەشڵێت: "وەک دەبیستین، زۆر لەو کۆمپانیایانە بانگەشەی ئەوەدەکەن کە رێگەپێدان و بڕوانامەی کارکردنیان هەیە، بەڵام زۆریان وەکو راوێژکاری دارایی یاخود کۆمپانیای بازرگانی گشتی یان هەر ناوێکی دیکە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام وەکو نێوەندگیری دارایی کاردەکەن".
لەبارەی کارکردنی کۆمپانیاکانیش سەرەڕای نەبوونی مۆڵەتی بانکی ناوەندی، کاروان فەتحی دەڵێت: "ئێمە مۆڵەتەکانمان تەنها مۆڵەتی ئوسترالیا و کەنەدان، لێرە بەدواداچونمان کردووە، دەبێ سەرەتا لە پەرلەمان یاسای بۆ دابنرێت ئینجا مۆڵەتی ناوخۆیی وەربگیرێت". گوتیشی: "ئێمە وەکو بزنسێکی نێودەوڵەتی کارەکەین، بەڵام ناتوانین بڵێین مۆڵەتی بانکی ناوەندیمان هەیە. وەکو کارکردنیش هیچ کێشەمان بۆ دروست نەبووە، چونکە بە شەفافی راست و دروستی کارمان کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ