رووداو دیجیتاڵ
دوای بەرزبوونەوەی بەهاکەی لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەمڕۆ لیرەی سووری رووی لە دابەزین کرد. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو دەڵێت، "ئەوانەی کڕیویانە، خێرا دەیفرۆشنەوە."
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەک ملیۆن لیرەی سووری، ئەمڕۆ بە 520 هەزار دینار بەردەستە لە بازاڕدا."
دوێنێ بۆ یەکەمجار بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووری گەیشتە 700 هەزار دینار. رەوەز میرزا دەڵێت "هۆکاری دابەزینەکە؛ هەبوونی لیرەی زۆر و خواستی کەمە؛ خەڵکیش کە دەیکڕێت زوو دەیفرۆشێتەوە."
پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە 08-12-2024، ملیۆنێک لیرە بە 100 هەزار دینار بوو، دواتر چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەر بەهاکەیدا هات و ئەمڕۆ گەیشتە بەرزترین ئاست.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی رووداو لە دیمەشقەوە رایگەیاند، لە پایتەختی سووریا یەک ملیۆن لیرە 100 دۆلارە، کە دەکاتە 150 هەزار دینار.
هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی رووداو لە دیمەشقەوە باسی گۆڕانکاریی خێرا لە بەهای لیرەی سووری دا دەکات:
تمەن دابەزی و دینار و لیرەی تورکیا جێگیرن
هەر ئەمڕۆ بەهای تمەن دابەزی، 100 دۆلار بە 7 ملیۆن و 400 هەزار تمەنە بە شێوەی نەختی و بە حەواڵەش بە7 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە.
دیناری عیراقیش چەند رۆژێکە جێگیرە و ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 150 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. 100 دۆلاریش بە 3 هەزار و 410 لیرەی تورکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ