رووداو دیجیتاڵ
بەغدا و ئەنقەرە رێککەوتوون بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە کە لە 25ی مانگی ئاداری رابردووەوە دوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس راگیراوە.
باسم محەممەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رۆژنامەی سەباحی حکومی راگەیاندووە، "رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی."
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە سەرەتای ئەم هەفتەیە پەسندکرا، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بکرێت، ئەگەر نەتوانرا هەناردەی دەرەوە بکرێت بۆ پێداویستیی نێوخۆیی بەکاردەهێنرێت.
عەبادی ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ماوەکانی رابردوودا هەردوولا پەیامیان بۆ یەکدی ناردووە لەسەر ئەوەی پێویستە پابەندبن لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە." راشیگەیاند، ئەنقەرە ئاماژەی بەوەکردووە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوت کاری چاککردنەوە و پشکنی تێدا دەکرێت.
تائێستا زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوو ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسم محەممەد عەبادی ئەوەی خستووەتەڕوو، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی رۆژانە لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری بەسرە جێگیرە، عێراق پابەندە بەو بڕەی کە ئۆپێک پڵەس دیارییکردووە بۆ پشتیوانی لە هاوسەنگیی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
هاوکات بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان راشیگەیاندووە، وەزارەتی نەوت ئامادەیە بۆئەوەی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە دەست بە هەناردەکردنەوەی 500 هەزار بەرمیل نەوت بکات.
رۆژی 25ی ئاداری 2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت. تائێستاش هەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.



