رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە.
عەلى عەبدولستار، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کێشەکە لە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان نییە و هێڵى جەیهان بۆ هەناردەکردنى ئامادەیە، بەڵام کێشە لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان هەیە کە دەبێت گرێبەستەکانیان هاوتا بکرێت لەگەڵ گرێبەستەکانى حکومەتى فیدراڵى لە پارێزگاکانى دیکە و دەشڵێت: "ئەوە کێشە و رووگیریى لە نێوان ئەو کۆمپانیایانە و حکومەتى هەرێمى کوردستان دروست کردووە."
عەلى عەبدولستار گوتیشى: "حکومەت دەستیکردووە بەیەکلاکردنەوەى ئەو کێشانە و لە ماوەیەکى نزیکدا کە مانگێک یان بۆ دوو مانگى دیکە دەبێت، دەست دەکرێتەوە بە هەناردەکرنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان".
لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
بەگوێرەى یاسای بودجەى عێراق، پێویستە رۆژانە هەرێمى کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتی عێراق بکات بە مەبەستى هەناردەکردنى بۆ دەرەوە یان بەکارهێنانى لە نێوخۆدا.
عەلى عەبدولستار ئاماژەى بەوەشدا، "پڕۆژە یاساى نەوت و گاز هێشتا لەلاى حکومەتەوە و نەگەیشتووەتە پەرلەمان بۆ ئەوەى پەسند بکرێت، هەندێک خاڵى ناکۆک لە نێوان تێڕوانینى وەزارەتى نەوت و هەرێمى کوردستاندا هەن، سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزارەتى نەوت بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن چارەسەرى یەکجاریی ئەو کێشانە بکەن بۆ ئەوەى هەر لایەک مافى خۆى وەربگرێت."
ئەندامەکەى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق گوتى: "بڕگە ناکۆکەکان لەبارەى یاسای نەوت و گاز تەنیا تەکنیکی نین، بەڵکو سیاسی و خۆجێیین لە نێوان حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان کە بە کەمێک نەرمى نواندنى هەردوولا تێدەپەڕێندرێت".
پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە عێراق، جگە لەوەى یەکێکە لە رێگە چارەکانى کێشەى نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام پەسند نەکردنی، بەربەستى بەردەم کارکردنى بەشێک لە کۆمپانیاکانى کەرتى وزەیە لە عێراق.
رۆژی سێشەممە، 13ی شوباتی 2024، وەزارەتى پیشەسازى و کانزاکانى عێراق بڵاویکردەوە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی وەبەرهێنانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی، کۆمپانیای شێڵی هۆڵەندی داوای لێبووردنی کردووە کە ناتوانێت وەک وەبەرهێنەرێکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتەکانی پیشەسازی و کانزاکان و نەوت بەردەوام بێت تایبەت بە پرۆژەی نیبراس بۆ پیترۆکیمیایی.
ئەندامەکەى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، "کۆمپانیاى شێڵ لە کێڵگەى مەجنوون کشاوەتەوە، بەڵام لە کێڵگەى گازى بەسرە نەکشاوەتەوە کە هاوبەشێکى گرنگى کۆمپانیا میتسیوبوشی و کۆمپانیاى گازى باشوورە."
عەلى عەبدولستار گوتیشى: "دەرچوونی کۆمپانیاى شێڵ ماناى ئەوەیە کە کۆمپانیاکە کار لەسەر دەرفەتى وەبەرهێنانى دیکە لە عێراق ناکات، ئەگەر هەیە بەربەست هەبێت لە مامەڵەى بازرگانی نێوان ئەو کۆمپانیایە و حکومەتى عێراقى کە وای لێکردبێت لە عێراق بچێتەدەر".



