لە رۆژێکدا بەهای دینار زیاتر لە 4 هەزار بەرزبووەوە؛ زیاتر بەرزدەبێتەوە یان کاتییە؟

14-11-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار زیاتر لە 4 هەزار دینار دابەزی. شارەزایان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر داهاتووی بەهای دینار هەیە؛ بەشێکیان دەڵێن، ئەم ساڵ رەنگە 100 دۆلار بۆ 145 هەزار دینار و کەمتریش دابەزێت؛ بەشێکی دیکەش بەرزبوونەوەکە بە کاتی دەبینن و ئەگەری بەرزبوونەوەی 100 دۆلار تاوەکو 170 هەزار دیناریش دەبینن.  
 
لە بازاڕی دراوی هەولێر، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 159 هەزار و 800 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 155 هەزار و 500 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 160 هەزار و لەکاتی داخستنیشدا بە 155 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەم پێیە تەنیا ئەمڕۆ، بەهای 100 دۆلار لەکاتی کرانەوە تاوەکو داخستن، لە هەولێر 4 هەزار و 300 دینار و لە سلێمانیش 4 هەزار و 700 دینار دابەزی.
 
"پێشبینی دەکرێت بەهای دینار بەرزبێتەوە"
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بازاڕی دراوی هەولێر ئێستا هەست و پێشبینیی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی زاڵە. وەک ئەو ئەندامە دەڵێت، خەڵک هەبووە لەو بازاڕە دۆلاری فرۆشتووە و گوتوویەتی، "دەڵێن دۆلار دادەبەزێت".
 
هاوکات جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، بەهەمان شێوەی بازاڕی دراوی هەولێر، لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانییش "پێشبینی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دروستبووە".
 
حاجی سابیر و جەبار گۆران هاوڕان لەسەر ئەوەی رەنگە سبەی بەهای دینار وەکو خۆڕاستکردنە [ریتێست] کەمێک دابەزێت، چونکە ئەو کەسانەی کاتێک 100 دۆلاریان لە 160 هەزار دینار یان زیاتر فرۆشتووە، ئێستا قازانجەکانیان هەڵدەگرنەوە.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دینار دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی زیادکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە دۆلاریان پێ دەدرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی رێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ژمارەی ئەو بانکە عێراقیانەی وەرگرتنی دۆلار دەیانگرێتەوە و دەتوانن راستەوخۆ لە وەرگرتنی دۆلار لە ئەمریکاوە سوودمەندبن، بۆ 10 بانک زیادکراون". 
 
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە لیژنەیەک بە سەرپەرشتیی نووسینگەکەی خۆی پێکبهێنرێت و "گفتوگۆی جیدی" لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی حەواڵەکردنی دۆلار بکەن.
 
هاوکات ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی راگەیاند، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەری جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو [لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ]، لەوانە رێکخستنی پرۆسەی هاوردە و زامنکردنی ئەوەی زۆرترین ژمارەی بازرگان و هاوردەکاران بچنە نێو دەروازەی ئاڵوگۆڕی بیانی، ئەوەش لە رێگەی ئاسانکاری لە رێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی، دانانی پارە و رێکارەکانی دیکەی پەیوەست بە ناساندی ناسنامەی هاوردەکار.
 
سەرچاوەکە راشیگەیاند، دانوستاندنی بەردەوام لەنێوان حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ رێکخستنی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات هەیە و خستنەڕووی باشترین بژاردەش لەڕووی پێدانی باج و پارەوە و گفتوگۆکانیش "بە خێراییەکی باش بەڕێوەدەچن".
 
ئاژانسەکە دەشڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی داوە کار لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە بکرێت بۆ ئەوەی کەسانی داهات کەم و مامناوەند بەهۆی جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلارەوە زیانیان پێنەگات.
 
هەروەها وەزارەتەکانی بازرگانی و تەندروستی کاردەکەن بۆ هاوردە و دابینکردنی کەرەستە سەرەکی و گرنگەکان بە دیناری عێراقی و بە نرخی فەرمی، وەکو مادە خۆراکییەکان، دەرمان و کەرەستەکانی بیناسازی.
 
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، ئێستا حکومەت کار لەسەر رێککەوتنێکی هاوشێوە دەکات لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەکو چین و هیندستان و ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەت بیر لە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئازاد دەکاتەوە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و لە رێگەیەوە بەبازاڕکردنیان بۆ کەرتی تایبەت و دڵنیابوون لە گەیاندنیان بۆ بەکاربەران بە نرخێکی گونجاو و بە دیناری عێراقی.
 
هاوکات محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی داوە لیژنەیەک لە نێوان حکومەت، بانکی ناوەندیی عێراق و کەرتی تایبەت بە سەرپەرشتیی نووسینگەی خۆی پێکبهێنرێت.
 
مەبەست لە پێکهێنانی لیژنەکە ئەوەیە کە گفتوگۆی جیدی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بکرێت لەبارەی حەواڵەکردنی دۆلار لە رێگەی دەروازەی ئاڵوگۆڕی بیانی و ئێستاش لیژنەکە کۆبوونەوەکانی دەستپێکردووە.
 
بە بۆچوونی جەبار گۆران، بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و رێککەوتنەکەی یەکشەممەی رابردووی نێوان بانکە ناوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارن.
 
هاوکات هێوربوونەوەی مەترسییەکانی فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززەش، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینارن. بەو پێیەی لەکاتی شەڕ و گرژییە جیۆسیاسییەکاندا خواست لەسەر ئەو کاڵا و دراوانە زیاد دەبێت کە بە "پەناگەی سەلامەت" دەناسرێن و دۆلار و زێڕ سەرەکیترینیانن.
 
بەهای دینار بەرەو کوێ؟
 
بەرزبوونەوەی ئەم چەند رۆژەی دوایی، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، گەشبینیی زۆری لەبارەی ئاراستەی داهاتووی دراوەکە بەرامبەر دۆلار دروستکردووە. بۆچوونی پێچەوانەی بەرامبەریشی هەیە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە 19ـی تەممووزەوە و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، 14 بانکی عێراقی لە لیستی ئەو بانکانە دەرهێناوە کە دەتوانن مامەڵە بە دۆلار بکەن. 
 
بەڵام 12.11.2023، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ئەبوزەبی لە ئیمارات، عێراق و ئەمریکا لەسەر ئەوە رێککەوتوون بانکی زیاتری عێراقی دۆلار لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەربگرن.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بۆ رووداو دەڵێت، وەک چۆن بڕیاری دەرهێنانی 14 بانکەکە لە لیستی مامەڵەکردن بە دۆلار خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ دابەزینی بەهای دینار، ئێستا بڕیاری زیادکردنی ئەو 10 بانکەش، دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ بەرزبوونەوەی.
 
وەک جەبار گۆران دەڵێت، پێشتر مامەڵەی بانکەکانی عێراق بە سیستمی سویفتەوە نەبەسترابووەوە، بەڵام ئێستا بانکەکان بەو سیستمەوە دەبەسترێنەوە و رێککەوتنەکەی بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا و عێراقیش، بە واتای ئاسانکاریی حەواڵەی دەرەوە دێت لە عێراق کە لەمپەرێکی سەرەکیی بەردەم بەرزبوونەوەی بەهای دینار بووە.
 
بەپێی پێشبینیی جەبار گۆران، ئەگەر هیچ شتێکی نوێ و رووداوێکی لەناکاو روونەدات، رەنگە 100 دۆلار هێواش هێواش بگاتەوە 150 هەزار دینار و زیاتریش.
 
گوتەبێژەکەی بازاڕی دۆلارەکە کە هاوکات شارەزای کارگێڕیی دراویشە دەڵێت، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دیناریش، زەحمەتە 100 دۆلار بگاتە خوار 140 هەزار و بانکی ناوەندی رێگە بەوە نادات.
 
جەبار گۆران دەڵێت، ئەگەر بەهای ئاسایی 100 دۆلار لە خوار 140 هەزار دینارەوە بێت، بازرگانان لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە کارەکانیان دەکەن، بەوەش باج و رسومات نادەن، بۆیە بانکی ناوەندی رێگە نادات بەهای دینار تاوەکو ئەو ئاستەش بەرزببێتەوە. وەک ئەو گوتەبێژە دەڵێت، زیادکردنی خستنەڕووی دۆلاریش بەشێوەی کاش، بەرزبوونەوەی بەهای دیناری خێراترکرد. 
 
د. نەوزاد هەمەوەندی، مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دکتۆرا لە دارایی و شارەزای ئابووری، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگێڕێتەوە.
 
ئەو شارەزایە بۆ رووداو قسەی کرد و دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکە، زیادبوونی خستنەڕووی دۆلارە بە شێوەی کاش کە رۆژی سێشەممە، 30 ملیۆن و 260 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە.
 
هەمەوەندی هۆکاری دووەمی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ خەڵک دەگێڕێتەوە و دەڵێت، خەڵک لە دڵەڕاوکێدایە و دۆلاری زۆر دەباتە بازاڕ بۆ ئەوەی بیفرۆشێتەوە، چونکە ترسی هەیە بەهۆی بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە کەمتر لێی وەربگیرێت کە بڕیاری داوە لە ساڵی داهاتووەوە مامەڵە نێوخۆییەکان لە دۆلارەوە بکرێن بە دینار.
 
هەمەوەندی هۆکاری سێیەمیش بۆ کاریگەریی رێککەوتنەکەی عێراق و ئەمریکا لە زیادکردنی 10 بانکەکە بۆ لیستی وەرگرتنی دۆلار دەگەڕێنێتەوە.
 
ئەو دکتۆرە زیاتر دەڵێت، دینار لە بەرزبوونەوەدایە، چونکە خەڵک متمانەی بە بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق هەیە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، بەهای دینار بەرزدەبێتەوە.
 
ئەو شارەزایە پێشبینی دەکات، ئەگەر هیچ دۆخێکی لەناکاو نەیەتە پێشەوە، بەهای دینار زیاتر بەرزببێتەوە و 100 دۆلار بگاتە 145 هەزار دینار و کەمتر لەو ئاستەش.
 
د. نەوزاد هەمەوەندی ئاماژە بەوەش دەکات، رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش هەڵبەز و دابەزی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەردەوام بێت و هەموو ئەگەرێک کراوەیە، بەڵام ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای دینار زیاترە وەک لە دابەزینی.
هەمەوەندی دەشڵێت، دەبێت ئەگەری دابەزینی بەهای دیناریش لەبەرچاو بگیرێت و "ئاسانە 100 دۆلار بگاتەوە 160 هەزار دینار"، بەڵام زەحمەتە بگاتە 170 هەزار دینار.
 
سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران کە سزای ئەمریکای لەسەرە، هاوشان لەگەڵ رەوشی هەرێمی و نێوخۆیی و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بوون. بانکی ناوەندیی بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە لەبری دۆلار، دینار لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوخۆ بەکاربهێنرێت.
 
هەمەوەندی لەوبارەیەوە دەڵێت، بانکی ناوەندی بڕیارێکی ریشەیی داوە و بەو بڕیارە "بوونی دۆلار" نامێنێت و متمانەی خەڵکیش پێی کەم دەبێتەوە؛ گوتیشی، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کاتی پێویست دەبێت، بەڵام بە جێبەجێکردنی، مامەڵەکان بە سیستماتیک دەبن و سپیکردنەوەی پارە زۆر ئەستەم دەبێت.
 
ئەو دکتۆرە دەشڵێت، ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت، "کارەساتی ئابووری" دروست دەبێت و دینار هاوشێوەی تمەنی لێدێت؛ باس لەوەشدەکات، رەنگە ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق بەپێی بڕیارەکە زیاد نەبێت، بەڵام دەروازەکانی دابەشکردنی زیاتر دەبن.
 
لەبارەی بازرگانیی عێراقیش لەگەڵ ئێران کە سەرچاوەی سەرەکیی هاوردەی کاڵایە بۆ عێراق، هەمەوەندی دەڵێت، ئەمریکا کێشەی لەگەڵ ئەوە نییە کە عێراق بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، بەڵکو کێشەکەی ئەوەیە کە بەشێک لە بازرگانییەکە "وەهمییە".
باس لەوەش دەکات، ئەمریکا رێگەی داوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی سنووردار و دەیەوێت ئەو پارەیەی لە رێگەی حەواڵەوە دەچێتە ئێران، بڕەکەی دیار بێت.
 
د. کامەران قادر، پسپۆڕی بانکی و مامۆستای زانکۆ تێڕوانینێکی پێچەوانەی هەیە و پێیوایە، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار "کاتییە".
 
ئەو پسپۆڕەی بانکی بۆ رووداو دەڵێت، رێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ زیادکردنی 10 بانکەکە لە وەرگرتنی دۆلار، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.
 
د. کامەران دەڵێت، هەواڵەکە وا لێکدراوەتەوە و خەڵک وای تێدەگەن کە ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە زیاد دەبێت "کە وا نییە"؛ گوتیشی، ئەو رێکارانەی هەن بۆ ئەو مامەڵانەن کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەن و لەمێژیشە هەن.
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، رێککەوتنەکە بۆ مامەڵەکانی لەگەڵ ئێران "راست نییە"، چونکە ئێران لە سیستمی سویفت نییە و بڕیارەکەی بانکی ناوەندیش کە لە ساڵی داهاتووەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەهای دینار بەرز ناکاتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دایدەبەزێنێت.
 
د. کامەران دەڵێت، ئەو بەرزبوونەوەیەی بەهای دینار چەند رۆژێکە و دواتر دەزانرێت کە بابەتەکە بەوشێوەیە نییە، ئەوکاتەش بازرگانان دووبارە روو لە بازاڕ دەکەنەوە بۆ دەستکەوتنی دۆلار.
 
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە چەند سەرچاوەیەکى بەرپرسی بەغداوە دەستى کەوتوون، هەردوو لایەنى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران تاوتوێى چەند پێشنیازێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانى بەردەم بازرگانیى نێوانیان بە دۆلار.
 
یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کە مامەڵەى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى نێوانیان بکرێتە دینارى عێراقى و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەو بڕە پارەیە لە وەبەرهێنانى ناوخۆى عێراق خەرج بکاتەوە لە رێگەى پڕۆژەکانى وەبەرهێنانەوە.
 
د. کامەران قادر دەڵێت، بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران، بەربەستی سەرەکیی بەردەم سەقامگیربوونی بەهای دینارە، مامەڵەکردن بە دیناریش هیچ بەهایەکی بۆ ئێران نییە.
 
ئەو شارەزایە پێیوایە، بە جێبەجێبوونی بڕیارەکەی عێراق لە گۆڕینی مامەڵە بازرگانییە نێوخۆییەکان لە دۆلارەوە بۆ دینار، بە هاتنی ساڵی نوێ بەهای دینار بەرزدەبێتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی 100 دۆلار بۆ 170 هەزار دیناریش دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە