ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزدەکرێتەوە

14-09-2022
گۆڤەند مستەفا
کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نزیکەی 25 هەزار بەرمیل زیادبکەن. پسپۆڕێکی بواری گرێبەستە نەوتییەکانیش پێیوایە، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق و ئەو رێکارانەی کە حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوونیەتییەبەر، کاریگەری لەسەر کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت دروستکردووە.
 
بەپێی ماڵپەری ئیراک ئۆیل ریپۆرت، سەرەڕای گوشارە بەردەوامەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆمپانیا نەوتییە کارکەرەکان لە هەرێمی کوردستان پارەی زیاتریان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تێکڕا نزیکەی 25 هەزار بەرمیل بەرزبکەنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-09-2022، بەهجەت ئەحمەد کە ماستەری لە گرێبەستە نەوتییەکان هەیە میوانی بوولتەنی هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات. بە بڕوای ئەو پسپۆڕە "هەموو زیادبوونێک لە رێژەی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی ئەرێنی و کارێکی باشە، ئەگەر بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو جێبەجێ بکرێت".
 
بە گوتەی بەهجەت ئەحمەد "لە 2020 و 2021 بەهۆی ئەو لێکەوتانەی لە کۆڤید 19ـەوە کەوتەوە، زۆر ئەستەم بوو بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بتوانن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن بەهۆی ئەو رێکارە تەندروستییانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەکی زۆر، وایکرد پێشبینی نەدەکرا جارێکی دیکە نرخی نەوت بگاتەوە ئاستێکی پێوانەیی یاخود بگاتە ئەو ئاستەی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان قازانج بکەن و پارەی زیاتر خەرج بکەن و وەبەرهێنانی پێ بکەن".
 
ئەو پسپۆڕەی بواری گرێبەستە نەوتییەکان ئاماژە بەوە دەدات "بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی کاریگەری لەسەر هەموو کۆمپانیاکان دروستکردووە. ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەبەر ئەوەی کۆمپانیای گەورە نین و خاوەن سامانێکی زۆر نین و لە بانکە جیهانییەکان پارەیان قەرز کردووە، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و ئەو رێکارانەی کە حکومەتی عێراق گرتیەبەر دژ بە کۆمپانیاکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، وایکردووە بەشێک لە بانکەکانیش سەرکێشی نەکەن و پارەو قەرز بدەنە ئەو کۆمپانیایانە تاوەکو بتوانن وەبەرهێنانی باشتر و کاری باشتر بکەن".
 
بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان، زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سێ کێڵگەی سەرسنگ، شێخان و ئەترووش دەبێت کە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەزۆری لەو سێ کێڵگەیە بەرزدەبنەوە. 
 

 
بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 445 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا، کۆمپانیا نەوتییەکان حەقدەستەکانیان وەرگرتووە و تەنانەت بەشێک لە قەرزی کۆنی ساڵی 2019 و 2020یان پێدراوە. ئەوە وایکردووە کە ئەو کۆمپانیایانە سەرەڕای هەڕەشەکانی بەغدا، وەبەرهێنانی زیاتر لە کێڵگەکان بکەن و بیری نوێ هەڵبکەنن و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن.
 
کۆمپانیای HKN رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆتایی ئەمساڵ لە 29 هەزار و 700 بەرمیلەوە بەرزدەکەنەوە بۆ نزیکەی 45 هەزار تاوەکو 50 هەزار بەرمیل.
 
هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان کە لە لایەن کۆمپانیای گۆڵف کێستۆنەوە بەڕێوەدەبرێت، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا رۆژانە 45 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام کۆمپانیاکە رایگەیاندووە لە ماوەی سێ تاوەکو چوار ساڵی داهاتوو، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دوو هێندە زیاد دەکات و بەرزیدەکاتەوە بۆ 85 هەزار تاوەکو 90 هەزار بەرمیل.
 
لە کێڵگەی ئەترووشیش کە کۆمپانیای تاقە، کۆمپانیای سەرکارە بەهۆی لێدانی بیری نوێ و نۆژەنکردنەوی بیرە کۆنەکان لە کۆتایی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دوو هەزار تاوەکو پێنج هەزار بەرمیل زیاد دەکات. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێلگەی ئەترووش رۆژانە 37 هەزار و 125 بەرمیل نەوت بووە.
 
بەڵام وەک بەهجەت ئەحمەد ئاماژەی بۆ دەکات، ئەو وەبەرهێنانە لە چەند کێڵگەیەکی دیارکراوە و دەڵێت: "ئاستی وەبەرهێنان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە کۆمپانیاکان پلانیان بۆ داناوە، بەڵام زۆربەی کێڵگەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەبینین پشتگوێخراون، بەشێک لە کۆمپانیاکان ئاستی وەبەرهێنان تێیاندا زۆر دابەزیوە، هۆکارەکەشی پەیوەندی بەوەوە هەیە ئێستا کۆمپانیاکان ترسێکی گەورەیان لا دروستبووە، ترسەکەش جیددییە سەبارەت بەو رێکارانەی کە حکومەتی عێراق گرتوویەتییەبەر بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان".
 
هۆکارێکی دیکەی پشت ئەو دابەزینە بەگوتەی بەهجەت ئەحمەد ئەوەیە کە "بانکە جیهانییەکان بە کەمی تەمویلی کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن، لەگەڵ ئەوەش کە ئەو ریسکە دروستبووە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، وایکردووە کە بانکەکان زیاتر هۆشیاربن لەوەی پارە و قەرز بەو کۆمپانیایانە بدەن. لە لایەکی دیکەشەوە هۆکاری دابەزینی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، پەیوەندی بەوە هەیە نەوت لەناو چینە بەردەکاندا دروستبووە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام کۆمپانیاکان بیری نوێ لێبدەن تاوەکو بتوانن زۆرترین نەوت لەناو ئەو کێڵگەیە بێننە دەرەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە