رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان ناسراو بە "APIKUR" کە پێنج کۆمپانیای نەوتیی بیانی لە هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، داوا دەکەن گفتوگۆکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بێت گەرەنتیی مافەکانی ئەوانی تێدا بکات چی لە یاسای بودجەی گشتی بێت یان لە یاسای نەوت و گاز.
یەکێتیی پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان ناسراو بە "APIKUR"، راگەیێندراوێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز دەرکرد، داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات لەکاتی داڕشتنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق (کە ئێستا لەنێوان هەردوو لا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت)، رێز لە مافەکانی گرێبەستکردنیان بگیرێت و مافەکانیان بخرێتە نێو یاسای بودجە و هەر یاسایەکی دیکە کە لەداهاتوودا کۆنتڕۆڵی پرسەکانی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێدەکرێت.
هەروەها جەختدەکاتەوە "پێویستە بۆ داهاتووی پیشەسازیی نەوتی کوردستان و عێراق و ئەو کارانەی پشتیوانییان لێدەکات، ئەنجامەکانی گوتوبێژکردنی هەردوولا گێڕانەوەی خەرجی و ئەو قازانجانەی شایستەی کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوتە بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنانی کارپێکراوی ئێستا ناسرا بە (PSCs) تێدابێت.
یەکێتی پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان ناسراو بە "APIKUR"، کۆڕبەندێکە کۆمپانیا نەوتییەکانی"DNO"ـی نەرویجی، گێنەڵ "Genel Energy" ،Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy، ShaMaran Petroleum. کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن لە خۆدەگرێت.
راگەیێندراوی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە لەکاتێکدایە، رۆژی 5ـی ئابی 2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکوەزیران (وەزیری دەرەوە و وەزیری نەوت)، شاندی هەرێمی کوردستان، پارێزگارەکانی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و بەشێک لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوەیەک بۆ وردەکاریی داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گازی عێراق کرا و بڕیاردرا لەرێگەی لیژنەیەکەوە ئەو کارە بکرێت.
یەکێتیی پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان ناسراو بە "APIKUR"، لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە لە جۆری هاوبەشیکردنە لە بەرهەمهێنان، بەپێی یاسای بەریتانییە و لەرێگەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە لە لەندەن دەبێت.
هەروەها باسی ئەوە دەکەن سەرباری ئاڵنگارییە سیاسیی، ئەمنی و جیۆلۆجییەکان لە ناوچەکە، ئەوان لە کارەکانیان لەماوەی 15 ساڵی رابردوو بەردەوامبوون و ئاستی بەرهەمهێنانیان دەگاتە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
هەروەها باسی لەوەکردووە، کەرتەکە دەیان هەزار هەلیکاری رەخساندووە و کۆمپانیا نەوتییەکان ملیۆنان دۆلاریان لە دۆزینەوە خەرجکردووە،کە دەرکەوتووە بەشێکیان بازرگانی نین بێئەوەی هیچ تێچوویەک بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 5ـی ئەم مانگەدا لە بەغدا، بڕیاردرا کاخەزێکی تایبەتی کارکردن لە رێگەی ئەو لیژنانەوە لەسەر بنچینەی ئەو تێڕوانینەی لەلایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت ئامادەبکرێت لە رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەکانی پێشوو کراون بە مەبەستی تاوتوێکردنیان لە رێگەی ئەو لیژنانە تاوەکو گەیشتن بە رەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرى لە پەرلەمان پەسندنەکران.
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوت بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.


