رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی نەوت و گاز دەڵێت، چارەسەری کردەیی و ریشەیی بۆ کێشەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا کردنەوەی هەژماری "ئێسکرۆو"ـە کە پشکی لایەنەکان دیاری بکات. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان پێشنیازی هەژمارەکەی کردووە.
هەژماری بانکیی "ئێسکرۆو" رێککەوتنێکی دارایی پارێزراوە. تێیدا لایەنێکی سێیەمی بێلایەن، کە پێی دەگوترێت، پارە یان سامانێک بەناوی دوو لایەن یان زیاترەوە رادەگرێت کە لە مامەڵەیەکدا بەشدارن.
پارەکە لای بریکارەکە دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی هەموو مەرجەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن. ئەم میکانیزمە گەرەنتیی ئەوە دەکات کە هەموو ئەرک و پابەندییەکان بەتەواوی جێبەجێ کراون پێش ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت، بەمەش ئاستێکی بەرز لە دڵنیایی، پاراستن و دادپەروەری بۆ هەموو لایەنەکان دابین دەکات.
دڵشاد موانی، شارەزای بواری نەوت و گاز دەڵێت، "کردنەوەی 'هەژماری ئێسکرۆو' بابەتێکی تاقیکراوەیە و پێشتر لە کاتی دروستبوونی کێشە و ناکۆکی لەسەر نەوت و غاز لە نێوان دەوڵەتاندا بەکارهاتووە".
"ئامانج لێی دڵنیاییدانە بە هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی کە وەبەرهێنان دەکەن، بۆ ئەوەی کارەکان نەوەستن. هەروەها لە کاتی نەبوونی سەقامگیریی سیاسی یان نەبوونی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دادگە، ئەم حسابە وەک چارەسەرێکی کاتی پێشنیاز دەکرێت."
پێشینەی مێژوویی؛ میکانیزمێکی تاقیکراوە
ئەو شارەزایە دوو نموونەی مێژوویی دەهێنێتەوە بۆ سەلماندنی کارایی ئەم میکانیزمە و دەڵێت:
- "بۆ نموونە، لە غانا ناکۆکییەک لەسەر دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیای 'ئینی'ـی ئیتاڵی و کۆمپانیایەکی غانایی هەبوو. دواجار دادگەی باڵای غانا بڕیاری دا تاکو یەکلاییبوونەوەی کێشەکە، 30%ـی داهاتی فرۆشتنی نەوتی کۆمپانیای 'ئینی' بخرێتە سەر 'هەژمارێکی ئێسکرۆو' وەک گەرەنتییەک."
- "بابەتەکە بۆ عێراقیش نوێ نییە. ئەگەر لەبیرمان بێت، لە ساڵی 1992 کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی پڕۆگرامی 'نەوت بەرامبەر بە خۆراک' بڕیاری فرۆشتنی نەوتی عێراقی دا، 'هەژمارێکی ئێسکرۆو'ـیان لە بانکی 'بی ئێن پی پاریس' کردەوە. ئەو کاتە داهاتی نەوت نەدەچووە دەستی رژێمی عێراق، بەڵکو 30%ـی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی کوێت دەدرا."
چارەسەری قەیرانی بێمتمانەیی
دڵشاد موانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆکاری سەرەکیی پێویستبوون بەم چارەسەرە، قەیرانی قووڵی بێمتمانەییە و دەڵێت، "لە کەیسی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دوو لایەن هەن و هەردوولا پێویستیان بە گەرەنتییە. ئێمە بەنێو قۆناخێکی دژواری بێمتمانەییدا تێپەڕیوین".
بە بڕوای موانی، "عێراق دڵنیا نییە کە ئایا حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] پابەند دەبێت و خەڵکی کوردستانیش باوەڕیان بە راستگۆیی عێراق نەماوە، چونکە مێژوویەکی تاڵمان لەگەڵ برسیکردن و نەدانی مووچەدا هەیە. بۆیە ئەم 'هەژماری ئێسکرۆو'ـیە بە دیزاینێکی گونجاو بۆ ئەم ناکۆکییەی ئێمە دادەنرێت."
میکانیزمی کارکردن و گەرەنتییەکان
لەبارەی شێوازی کارکردنی هەژمارەکە، موانی روونیکردەوە، "بۆ گەرەنتیکردنی بودجەی خەڵکی کوردستان و کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی وەک کارتی فشاری سیاسی، دەبێت داهاتی نەوت پێش ئەوەی بچێتە سەر حیسابی سۆمۆ، بچێتە سەر 'هەژماری ئێسکرۆو'. دواتر پشکەکان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن:
1- پشکی کۆمپانیاکان: سەرەتا شایستەی کۆمپانیا بیانییەکان دەدرێت، کە ئەمە دڵنیاییەکی گەورەیە بۆیان.
2- پشکی هەرێمی کوردستان: پاشان پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و خەرجییەکان دەدرێت.
3- پشکی حکومەتی فیدراڵی: ئەوەی دەمێنێتەوە، دەچێتە سەر هەژماری سۆمۆ.
ئەم پرۆسەیە لەلایەن 'بریكاری ئێسکرۆو'ـەوە کە دەزگایەکی یاسایی بێلایەنە، بەڕێوەدەبرێت و لەژێر چاودێریی لایەنی سێیەم و کۆمپانیای وردبینیدا دەبێت.
ئەو شارەزایە دەڵێت، "گرنگە حسابەکە لەژێر چەتری یاسایەکی نێودەوڵەتیی بەهێزدا بکرێتەوە، بۆ نموونە 'یاسای ئینگلیزی' (English Law) کە بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە زۆر لەبارە. دواجار دادگەیەکی وەک دادگەی لەندەن بڕیار لەسەر دابەشکردنی پشکەکان دەدات و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی پارە رابکێشێت."
لە کۆتاییدا، دڵشاد موانی گوتی، ئەم پێشنیازە "لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وەزیری سامانە سروشتییەکان وەک مەرجێک بۆ رێککەوتنەکان باسکراوە" و جەختی کردەوە کە ئەمە بڕیارێکی سیاسیی چارەنووسسازە، هەروەک چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1992 بڕیارێکی سیاسیی هاوشێوەیان دەرکرد.
هەناردەنەکردنەوەی بووەتە کێشەی سەرەکیی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆران لە لایەن بەغداوە. حکومەتی عێراق ناردنی مووچەی بەستووەتەوە بە هەناردەکردنەوەی.
هەولێر و بەغدا رەشنووسی چارەسەری کێشەی نەوت و مووچەیان پێشکێشی یەکدی کردووە. لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی تایبەت پێکهێندراوە. تاوەکو ئێستا لیژنەکە یەکجار کۆبووەتەوە کاتی و کۆبوونەوەی داهاتووی دیار نییە.


