رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی ئوردن دەڵێت، لەماوەی ساڵێکدا 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیان لە عێراق کڕیووە.
ساڵح خەرابشە، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لەماوەی نێوان 4ـی ئایاری 2023 و 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵدا ئوردن 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە پێگەیشتووە. نەوتەکە لە کەرکووکەوە بۆ پاڵاوگەی شاری زەرقا بە تانکەر گوێزراوەتەوە".
ساڵح خەرابشە گوتی: "ناردنی نەوت بە گوێرەی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەیەیە لەنێوان هەردوو وڵات لە 4ـی ئایاری ساڵی رابردوودا واژۆکرا. بە گوێرەی ئەو یاداشتە، حکومەتی عێراق رۆژانە بە 16 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی، نەوت هەناردەی ئوردن دەکات".
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی ئوردن باس لەوە دەکات: "داوایان لە لایەنی عێراقی کردووە بڕی ئەو نەوتە زیادبکات و لەسەر ئەو بنچینەیەش لە ئابی ساڵی 2023ەوە بڕی نەوتەکە لە 10 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 15 هەزار بەرمیل زیادیکرد بەهەمان مەرجەکانی گرێبەستکردن؛ بەو جۆرەش ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی عێراق مانگانە رەوانەی ئوردنی دەکرد لە 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ 450 هەزار بەرمیل زیادیکرد کە 10٪ـی پێداویستییەکانی ئوردن پڕدەکاتەوە".
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی ئوردن ئاماژەی بەوە کرد، گرێبەستەکەی نێوان حکومەتی ئەو دوو وڵاتە تایبەت بە نەوت لە 4ـی ئایاری 2024ـەوە نوێکراوەتەوە و تاوەکو 4ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ