رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاى سۆمۆ لایەنى رێگەپێدراوە بۆ وەرگرتنى نەوتى هەرێمى کوردستان و داهاتەکەشى دەخرێتە هەژمارێکى بانکى تایبەت. گوتیشی "لەو پارەیەی تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت دەدرێتە کۆمپانیاکان، ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێتە بەشێک لە داهاتی فیدراڵی."
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13ـی تشرینى دووەمی 2024) لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دا کردووە.
کۆبوونەوەکە لەبارەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بوو بۆ هەموارى یاساى بودجە بە ئاراستەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى نەوت، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پرسی پەیوەندیی نێوان ئەو وەزارەتە و هەرێمى کوردستان کراوە، لەبارەى کێڵگەکانى نەوت و رادەستکردنى داهاتى نەوت و هەناردەکرنەوەى لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا.
حەیان عەبدولغەنى رایگەیاندوو "بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران، نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستی کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) دەکرێت، بەوپێیەى لایەنى رێگەپێدراوە بۆ وەرگرتنى ئەو نەوتە."
رۆژی 5ـی تشرینى دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕگەیەکى یاسای بودجەی هەموار کردەوە، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
وەزیرى نەوتى عێراق گوتى "تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە داهاتى نەوتە هەناردەکراوەکەى دەبێت و، بەشێوەى پێشینە دەدرێت و پارەکەى دیکەى دەبێتە بەشێک لە داهاتى فیدراڵ."
بەگوێرەى هەموارەکە، نەوتى هەرێمى کوردستان رادەست دەکرێت و بڕى 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک دەدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت، دواى 60 رۆژ لە هەموارى یاساى بودجەى گشتى، لایەنێکى راوێژکاریى نێودەوڵەتى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە هەریەک لە کێڵگەکان بەجیا، دیاری دەکات.
عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەو کۆبوونەوەیە دا لەگەڵ وەزیرى نەوت رایگەیاندووە، هەولێر و بەغدا ویستیان هەیە بۆ هەموار و گونجاندنى گرێبەستەکانى نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ